رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
پێشوازیی محەممەد بن سەلمان، شازادەی سعودیە لە میری قەتەر. وێنە: AFP/SAUDI ROYAL PALACE/BANDAR AL-JALOUD
رووداو دیجیتاڵ
دوای سێ ساڵ لە پچڕاندنی پەیوەندی و داخستی سنوورەکانی نێوانیان، بەستەڵەکی سیاسیی نێوان ریاز و دەوحە بە کردنەوەی سنوورەکان و باوەش بەیەکداکردنی میری قەتەر و شازادەی جێنشینی سعودیە لە لووتکەی 41ـەمینی ئەنجوومەنی هاریکاریی وڵاتانی کەنداو لە پارێزگای عولای سعودیە کۆتاییهات.
محەممەد بن سەلمان کە لە یەک کاتدا دەکاتە شازادەی جێنشین، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری بەرگریی سعودیە، دەڵێت لەم لووتکەیەدا، وڵاتانی کەنداو رێککەوتنێکیان واژۆکردووە بۆئەوەی لەپێناو سەقامگیری و یەکڕیزیی ناوچەکە پێکەوە کاربکەن، بەتایبەتیش بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران.
محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە گوتی "ئەمڕۆ ئێمە زۆر پێویستمان بە یەکخستنی هەوڵەکانمانە بۆ بەرەوپێشبردنی ناوچەکەمان و بەرەنگاربوونەوەی ئەو ئاڵنگارییانەی لە دەوروبەرمان هەن، بەتایبەتیش ئەو ئاڵنگارییانەی کە پرۆگرامی ئەتۆمی و مووشەکە بالستییەکانی ئێران دروستیکردوون، هەروەها پرۆگرامە تێکدەرەکانی ئەو وڵاتە کە هێزە بە وەکالەتەکانی بۆی ئەنجامدەدەن".
قەتەر لە سێ ساڵی رابردوودا، بایکۆتی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی هاریکاریی عەرەبی کردبوو. ئەمە یەکەم جارە دوای گەمارۆخستنەسەری قەتەر لە ناوەڕاستی ساڵی 2017، شێخ تەمیم بن حەمەد ئال تانی، ئەمیری ئەو وڵاتە سەردانی سعودیە بکات.
هاووڵاتییانی هەردوو وڵاتیش پێشوازی لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوانیان دەکەن. هاووڵاتییەکی سعودی دەڵێت "ئەمە شتێکی ئاساییە، لەنێوان براکانیشدا روودەدات نەک تەنیا وڵاتان. وڵاتی قەتەریش برای ئێمەیە وێڕای کێشەکان، وێڕای ئەو شتانەی کە روویاندا، ئێمە وەکو کەسوکار و برای یەکدی دەمێنینەوە".
هیشام هاشمی، هاووڵاتیی قەتەر دەڵێت "من دایکم ئیماراتییە، بۆیە خانەوادەکەمان هەمووی دڵخۆش بوو کە ئێمە لەمەودوا دەتوانین بە رێگەی وشکانیدا بڕۆین بۆ سعودیە و لەوێشەوە بڕۆین بۆ ئیمارات بۆئەوەی کەسوکارمان ببینین".
سعودیە، بەحرێن، ئیمارات و میسر، لە حوزەیرانی 2017 سنووری ئاسمانی، وشکانی و دەریاییان بەڕووی قەتەردا داخستن و هاووڵاتییانی قەتەریان لە وڵاتەکانیان دەرکردن و 13 داواکارییان خستە بەردەم دەوحە، لەنێویشیاندا، داخستنی کەناڵی ئەلجەزیرە، وشککردنی یارمەتیی دارایی بۆ "تیرۆر"، لەگەڵ داخستنی بنکەی سەربازیی تورکیا لە قەتەر.
تاوەکو ئێستا قەتەر راینەگەیاندووە کە هیچ لەو داواکارییانە جێبەجێ دەکات یاخود نا. هەروەها هیچکام لە میسر، ئیمارات و بەحرێن تاوەکو ئێستا نیازی خۆیان بۆ کردنەوەی سنوورەکانیان بەڕووی قەتەردا ئاشکرانەکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ