رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوە ئەمنییە دەریاییەکان و دەستەی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا (UKMTO) دەڵێن، رۆژی چوارشەممە سێ کەشتیی گواستنەوە لە تەنگەی هورمز تەقەیان لێکراوە.
ئەم هێرشانە لە کاتێکدان، ئێران بەهۆی جەنگ و گرژییەکانی ناوچەکەوە سنووردارکردنی هاتووچۆی لە تەنگەی هورمز راگەیاندووە، ئەوەش وەک وەڵامێک بۆ بۆردوومانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و دواتریش گەمارۆدانی بەندەرەکانی ئێران لەلایەن واشنتنەوە.
بەگوێرەی راپۆرتی (UKMTO)، کەشتییەکی گواستنەوەی کۆنتێنەر کە ئاڵای لیبێریای لەسەر بووە، لە باکووری رۆژهەڵاتی عومان بە رۆکێت و گوللە کراوەتە ئامانج و زیان بەر ژووری کاپتنی کەشتییەکە کەوتووە.
کاپتنی کەشتییەکە رایگەیاندووە، بەلەمێکی سوپای پاسداران لێیان نزیک بووەتەوە و تەقەی لێکردوون، بەڵام سەرجەم ستافی کەشتییەکە سەلامەتن.
کاپتنی کەشتییەکە کە کۆمپانیایەکی یۆنانی بەڕێوەی دەبات، ئاماژەی بەوە کردووە کە بەهیچ شێوەیەک هیچ ئاگادارکردنەوەیەکیان لەلایەن سوپای پاسدارانەوە پێ نەگەیشتووە، لە کاتێکدا پێشتر پێیان راگەیاندبوون کە رێگەی تێپەڕبوونیان هەیە. بەڵام ئاژانسی (تەسنیم)ی ئێرانی دەڵێت، کەشتییەکە "هۆشدارییەکانی هێزە چەکدارەکانی ئێرانی پشتگوێ خستووە."
لە رووداوێکی دیکەدا، کەشتییەکی دیکە بە ئاڵای پەنەما لە دووریی 14 کیلۆمەتر لە رۆژئاوای ئێران تەقەی لێکراوە، بەڵام هیچ زیانێکی بەرنەکەوتووە.
کەشتیی سێیەمیش کە ئەویش ئاڵای لیبێریای لەسەر بووە، لە کاتی چوونە دەرەوەی لە تەنگەی هورمز تەقەی لێکراوە و لە ئاوەکەدا وەستاوە، بەڵام ستافەکەی سەلامەتن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ