رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا - سێنتکۆم رایگەیاند، هێزە دەریایی و ئاسمانییەکانی وڵاتەکەی بە درێژایی 24 کاژێری شەو و رۆژ خەریکی جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانن دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
بەپێی راگەیێندراوێکی سێنتکۆم لە رۆژی پێنجشەممە، 05-03-2026، گرووپی هێرشبەری کەشتیی فڕۆکەهەڵگری جێراڵد فۆرد لە ناو جەرگەی دەریای نێوەڕاستەوە، بێ وەستان پشتگیریی ئۆپەراسیۆنی تووڕەیی داستانئاسا دەکات. فڕۆکە جەنگییەکانی سەر پشتی ئەم کەشتییە بەردەوامن لە وەشاندنی گورزی ئاسمانی بۆ سەر ئامانجە هەستیارەکان لە ناو خاکی ئێراندا.
فەرماندەیی ناوەندی ئاشکرای کرد، جگە لە کەشتیی جێراڵد فۆرد، گرووپێکی دیکەی هێرشبەری کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەمریکا لە ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست جێگیر کراوە. سێنتکۆم دەڵێ: "لەرێگەی ئەم دوو گرووپە زەبەلاحەی کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکانەوە، هێزەکانی ئەمریکا لە هەردوو لای دەریاوە خەریکی گۆشەگیرکردنی ئێرانن."
کەشتیی فڕۆکەهەڵگری جێراڵد فۆرد پێشکەوتووترین و گەورەترین کەشتیی جەنگییە لە جیهاندا. ئەم کەشتییە توانای هەڵگرتنی زیاتر لە 75 فڕۆکەی جەنگیی هەیە، لەوانەش فڕۆکە پێشکەوتووەکانی جۆری (F-35C) و (F/A-18 Super Hornet). بوونی ئەم کەشتییە لە دەریای نێوەڕاست رێگە بە ئەمریکا دەدات بە ئاسانی ئاسمانی سووریا و عێراق ببڕێت و بگاتە رۆژئاوای ئێران.
ئۆپەراسیۆنی "تووڕەیی داستان ئاسا" کە لە 28ی شوباتەوە لەسەر فەرمانی دۆناڵد ترەمپ دەستیپێکرد، ئامانجی سەرەکیی تێکشکاندنی پیشەسازیی مووشەکی و ئەتۆمیی ئێرانە. ئەمریکا دەیەوێت لەرێگەی گوشاری دەریاییەوە، هێزی دەریایی ئێران لەناو ببات و گەرەنتیی هاتووچۆی ئازادی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لە گەرووی هورمز بکات.
ئەم هەڵکشانە دوای ئەوە دێت، جەنگەکە پێی ناوەتە شەشەمین رۆژییەوە و ئامارەکان باس لە کوژرانی سەدان کەس و تێکچوونی ژێرخانی سەربازیی ئێران دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ