رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل دەڵێ، سوپای وڵاتەکەی هێرشێکی "بەهێز و کاریگەر"ی کردووەتە سەر گەورەترین کۆمەڵگەی پێترۆکیمیایی ئێران. ئەمە لە کاتێکدایە کۆمپانیای بەڕێوەبەری کۆمەڵگەکە خەریکی هەڵسەنگاندنی زیانەکانە.
رۆژی دووشەممە، 6ی نیسانی 2026، یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند: "سوپا هەر ئێستا هێرشێکی تووندی کردە سەر گەورەترین دامەزراوەی پیترۆکیمیایی ئێران لە عەسەلوویە، کە ئامانجێکی سەرەکییە و بەرپرسە لە بەرهەمهێنانی نزیکەی 50٪ـی پێداویستی پێترۆکیمیایی ئەو وڵاتە."
ئەم ناوەندە کەوتووەتە ناوچەی پارس و خزمەتگوزاری بۆ کێڵگەی گازی (پارسی باشوور) دابین دەکات کە گەورەترین یەدەگی گازی سرووشتییە لە جیهان.
یسرائیل کاتس گوتی، دوو دامەزراوەی سەرەکی (عەسەلوویە) و (ماهشەهر) کە پێکەوە 85٪ـی هەناردەی پێترۆکیمیایی ئێران پێکدەهێنن، لە کارخراون و چی دیکە کار ناکەن.
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هێرشەکەی بە "گورزێکی ئابووریی تووند" بۆ سەر تاران وەسفکرد.
لە لایەکی دیکەوە، کۆمپانیای نیشتمانیی پێترۆکیمیایی ئێران رایگەیاند، ئاگری ناوەندەکە لە پارس کۆنترۆڵ کراوە و هیچ بریندارێک تۆمارنەکراوە.
هاوکات راپۆرتەکانی میدیای ئێران ئاماژە بە هێرشێکی دیکە دەکەن بۆ سەر ناوەندێکی پێترۆکیمیایی لە ناوچەی مەرودەشت لە باکووری تاران.
نەداڤ شۆشانی، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە وەڵامی ئەوەی کە ئایا ئەم هێرشانە چۆن کاریگەری لەسەر گفتوگۆکانی کۆتاییهێنان بە جەنگ دادەنێن، گوتی: "جەنگ بەردەوامە و دانوستاندنەکانیش بەردەوامن. ئێمە بینیومانە کە ئێران ستراتیژیی کات کوشتن و بەکارهێنانی دانوستاندن بۆ دەستکەوتنی کات بەکاردەهێنێت."
ئەم هێرشانە دوای ئەوە دێن کە رۆژی هەینی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، هێرشە ئاسمانییەکانیان 70٪ـی توانای بەرهەمهێنانی پۆڵای ئێرانیان لەنێوبردووە، ئەمەش بە مەبەستی پەکخستنی توانای تاران بۆ دروستکردنی چەک.
کاتس گوتی، لەگەڵ نەتەنیاهوو فەرمانیان بە سوپا داوە "بە هەموو هێزێکەوە بەردەوام بن لە لێدانی ژێرخانی نیشتمانیی ئێران."
رۆژی 28ی شوبات، ئەمریکا و ئیسرائیل دەستیان بە هێرشەکانیان بۆ سەر ئێران کرد و ئەویش بە درۆن و مووشەک وەڵامی دانەوە. بە گوێرەی سوپای ئیسرائیل و سێنتکۆم، لە دەستپێکی جەنگەوە لانیکەم 15 هەزار ئامانجیان لە ئێران پێکاوە و زۆرینەشیان سەربازی بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ