پاکستان: هەوڵەکانمان بۆ دانوستاندنی نێوان ئێران و ئەمریکا بەردەوامن

دوێنێ کاژێر 06:10
سەلام سەعدی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی پاکستان هێشتا لە هەوڵەکانی بەردەوامە بۆئەوەی هەردوو لایەنی ئێرانی و ئەمریکی رازی بکات بەوەی دەست بە دانوستاندن بکەن.
 
ئەم هەوڵەی پاکستان لەکاتێدایە، هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل لە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆوە لەسەر چەندین ناوچەی ئێران زۆر بەچڕی بەردەوامە و تاوەکو دێ نزیکتر دەبینەوە لەو دوایین وادەیەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ گەیشتن بە رێککەوتن دایناوە.
 
دوو سەرچاوەی ئاگاداری پاکستانی ئێوارەی ئەمڕۆ بە ئاژانسی رۆیتەرزیان راگەیاند، ئیسلام ئاباد هێشتا لە هەوڵەکانی بەردەوامە بۆئەوەی ئاسانکاری بۆ دانوستاندنێک لەنێوان تاران و واشنتن بکات.
 
ئەو دوو سەرچاوەیە دەڵێن، ئێران نەرمیی پێشانداوە، بەڵام هێشتاش سوورە لەسەر مەرجەکانی پێشووی بۆ دانوستاندن.
 
سەرچاوەیەکی ئێرانیش بەهەمان شێوە بۆ ئاژانسی رۆیتەرزی پشتڕاست کردەوە کە هەوڵەکان بەردەوامن. لەوبارەوە گوتی، پاکستان بەردەوامە لە گواستنەوەی پەیامەکان، بەڵام ئەمریکا شێوازی ئاخاوتنی خۆی نەگۆڕیوە وەکو سەرچاوە ئێرانییەکە دەڵێت.
 
گوتیشی، ئەمریکا دەیەوێ ئێران ناچار بکات لەژێر گوشاردا خۆی بەدەستەوە بدات، بەڵام تاران ئامادە نییە لەبەرامبەر بەڵێنی بەتاڵ تەنگەی هورمز بکاتەوە.
 
لەبارەی ئەوەش کە رەنگە دۆخی ناوچەکە لە کۆنترۆڵ دەربچێ، سەرچاوە ئێرانییەکە دەڵێت: ئەگەر دۆخەکە لە کۆنترۆڵ دەرچوو، هاوپەیمانەکانمان تەنگەی بابولمەندەب دادەخەن. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە