رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
مۆرگان ئۆرتەیگس، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جۆزیف عەون، سەرۆکی لوبنان
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی ئەمریکا هۆشداری دەداتە بەرپرسانی لوبنان لە ئەگەری بەشداریکردنی حیزبوڵڵا لە حکومەتی نوێی ئەو وڵاتەدا. حیزبوڵڵاش دەڵێت، ئەوەی ئیدارەی ترەمپ دەیکات دەستوەردانە لە کاروباری نێوخۆ و سەروەریی لوبنان.
مۆرگان ئۆرتەیگس، جێگری نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، رۆژی هەینی 07-02-2025 دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ جۆزیف عەون، سەرۆکی لوبنان رایگەیاند، "هێڵی سووری روونمان لە ویلایەتە یەکگرتووەکان دیاری کردووە. نابێت حیزبوڵڵا بتوانێت خەڵکی لوبنان بتۆقێنێت، بەشێک لەوەش لەو رێگەیەوە دەبێت کە نابێت لە حکومەتی نوێدا هەبێت."
07-10-2023 جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل دەستی پێکرد، رۆژێک دواتر حیزبوڵڵای لوبنانیش بە شێوەیەکی سنووردار چووە نێو جەنگەکەوە، بەڵام لە کۆتاییەکانی هاوینی رابردوودا ئیسرائیل بۆردوومانەکانی بۆسەر حیزبوڵڵا زیاد کرد و چەندین بەرپرسی باڵای کوشتن، لەوانەش حەسەن نەسروڵڵای ئەمینداری ئەو کاتی بزووتنەوەکە.
مۆرگان ئۆرتەیگس رۆژی هەینی رایگەیاند، "سەردەمی تیرۆری حیزبوڵڵا لە لوبنان و سەرانسەری جیهان کۆتایی هات. حیزبوڵڵا لەلایەن ئیسرائیلەوە تێکشکێندرا، ئێمەش سوپاسگوزاری ئیسرائیلی هاوپەیمانمانین لە بەرامبەر تێکشکاندنی حیزبوڵڵادا."
لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا جۆزیف عەون لەبارەی ئەو گوتەیەی مۆرگان ئۆرتەیگس هیچی نەگوت و دواتریش نووسینگەکەی لە راگەیێندراوێکدا گوتی، ئەوەی جێگری نێردەی ئەمریکا گوتوویەتی بۆچوونی خۆیەتی.
محەممەد رەعد، سەرۆکی فراکسیۆنی حیزبوڵڵا لە پەرلەمانی لوبنان رایگەیاند، گوتەکانی ئۆرتەیگس بەرپرسیارانە نەبوون و "دەستوەردانی روونن لە سەروەریی لوبناندا."
نەواف سەلام بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی لوبنان راسپێردراوە و ئۆرتەیگس-یش هیوای خواست حکومەتی داهاتووی لوبنان بتوانێت گەندەڵی بنبڕ بکات، "بتوانین کاریگەریی حیزبوڵڵا کۆتایی پێ بهێنین و دەست بە چاکسازی بکرێت."
سەرۆکی لوبنانیش رایگەیاند، دانوستاندنەکانی تایبەت بە پێکهێنانی حکومەتی نوێ تەواو بوون بە پێویستیشی زانی سوپای ئیسرائیل لە باشووری لوبنان بکشێتەوە.
جۆزیف عەون گوتی، "سوپای لوبنان ئامادەیە لەو گوند و شارۆچکانە بڵاوبێتەوە کە ئیسرائیل تێیاندا دەکشێتەوە."
بڕیارە ئیسرائیل تاوەکو 18ی ئەم مانگە لە باشووری لوبنان بکشێتەوە و مۆرگان ئۆرتەیگسیش گوتی، واشنتن پابەندە بەوەی لەو کاتەدا ئیسرائیل لە خاکی لوبنان نەمابێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ