دوای دانوستاندندنەکانی عومان، نێردەکانی ترەمپ سەردانی کەشتیی ئەبراهام لینکنیان کرد

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جارید کوشنەر، راوێژکاری ترەمپ، سەردانی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری (ئەبراهام لینکن)یان کرد لە دەریای عەرەبی، ئەمەش تەنیا یەک رۆژ دوای کۆتاییهاتنی گەڕی یەکەمی دانوستاندنە ناڕاستەوخۆکانیان لەگەڵ ئێران.
 
بەپێی راگەیێندراوی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم)، ویتکۆف و کوشنەر لەسەر بانگێشتی ئادمیراڵ براد کووپەر، فەرماندەی سێنتکۆم سەردانی کەشتییەکەیان کردووە بۆ دەربڕینی سوپاسگوزاریی ئیدارەی ترەمپ بۆ سەربازانی ئەمریکی لە ناوچەکەدا.
 
ستیڤ ویتکۆف لە پۆستێکدا لە ئێکس رایگەیاند، ئەوان چاویان بە دەریاوان و مارێنزەکان کەوتووە و بینەری ئۆپەراسیۆنی فڕینی فڕۆکە جەنگییەکان بوون. ویتکۆف گوتی، "چاومان بەو فڕۆکەوانە کەوت کە هەفتەی رابردوو درۆنێکی ئێرانی خستە خوارەوە، کاتێک درۆنەکە بەبێ ئامانجێکی روون لە کەشتییەکە نزیک ببووەوە." هەروەها جەختی کردەوە، ئەم هێزانە پەیامی "ئاشتی لەڕێگەی هێزەوە"ـی سەرۆک ترەمپ جێبەجێ دەکەن.
 
ئەمریکا هێزە سەربازییەکەی لە ناوچەکەدا هێشتووەتەوە. دۆناڵد ترەمپ دوێنێ هەینی بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، ویتکۆف و کوشنەر "گفتوگۆی زۆر باشیان" لەگەڵ ئێرانییەکان هەبووە، بەڵام هۆشداریشی دا کە هێشتا "کەشتیگەلێکی زەبەلاح" بەرەو ئێران بەڕێوەیە. ترەمپ گوتی: "وا دیارە ئێران زۆر بە پەرۆشە بۆ رێککەوتن، دەبێت بزانین ئەو رێککەوتنە چی دەبێت."
 
رۆژی هەینی 06-02-2026، شاندەکانی ئەمریکا و ئێران بە نێوەندگیریی عومان یەکەم کۆبوونەوەی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆیان کرد، ئەمە لە دوای جەنگی 12 رۆژەی حوزەیرانی ساڵی 2025. هەرچەندە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران گفتوگۆکانی بە "سەرەتایەکی باش" وەسف کرد، بەڵام واشنتن هەر دوێنێ شەو سزای نوێی بەسەر 14 کەشتیی نەوتهەڵگری ئێراندا سەپاند تاوەکو گوشارە ئابوورییەکانی هاوتای رێگەی دیپلۆماسی بەردەوام بن.
 
بڕیارە گەڕی دووەمی دانوستاندنەکان لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا دەستپێبکاتەوە، لە کاتێکدا بەرپرسانی سەربازیی ئەمریکا دەڵێن، جووڵەی کەشتیی ئەبراهام لینکن و کەشتییەکانی یاوەری، نیشانەی سووربوونی ئەمریکایە لەسەر پاراستنی بەرژەوەندییەکانی و بەرپەرچدانەوەی هەر هەڕەشەیەک.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە