هێرش کرایە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کوێت

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسانی فڕۆکەوانیی مەدەنیی کوێت رایانگەیاند، چەند درۆنێک کۆگەیەکی سووتەمەنییان لە ناو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کوێت پێکاوە و بوونەتە هۆی کەوتنەوەی ئاگر.
 
رۆژی چوارشەممە 25-03-2026 بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی فڕۆکەوانیی مەدەنی رایگەیاند، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان هێرشەکە زیانی "سنووردار"ـی لێکەوتووەتەوە و هیچ زیانێکی گیانی نەبووە. 
 
عەبدوڵڵا راجی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتییەکە گوتی: "دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکان دەستبەجێ رێکارە فریاگوزارییەکانیان جێبەجێ کردووە و تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە توانیویانە بڵێسەی ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکەن."
 
لەوکاتەوەی جەنگ لە 28ـی شوباتەوە دەستیپێکردووە، فڕۆکەخانەی کوێت چەندینجار کراوەتە ئامانج. ئەمە چەندەمین هێرشە کە لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا دەکرێتە سەری. 
 
14ـی ئادار: چەند درۆنێک سیستمی راداری فڕۆکەخانەیان پێکا.
 
8ـی ئادار: جارێکی دیکە کۆگەکانی سووتەمەنی بە درۆن بۆردومان لێدران.
 
پێشتر: لە هێرشێکی دیکەدا بۆ سەر تێرمینالی گەشتیاران، چەند کەسێک بە سووکی بریندار بوون و زیانی مادی بەر باڵەخانەکە کەوت.
 
کوێت وەک وڵاتێکی هاوپەیمانی ئەمریکا کە هێزەکانی ئەو وڵاتەی لێیە، کەوتووەتە ناو جەرگەی هێرشە تۆڵەسێنەرەکانی تاران. جەنگی ئێستا کە بە هێرشی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە کۆتایی مانگی رابردوودا دەستی پێکرد، تەواوی ئاسایشی وڵاتانی کەنداو و جموجووڵی فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکانی خستووەتە مەترسییەوە.
 
تاوەکو ئێستا بەرپرسانی کوێت ئاماژەیان بەوە نەکردووە کە ئایا ئەم هێرشە نوێیە کاریگەریی لەسەر خشتەی گەشتە ئاسمانییەکان هەبووە یان نا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە