باڵیۆزخانەی تونس داوا لە هاووڵاتییانی دەکات عێراق جێبهێڵن

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

باڵیۆزخانەی تونس لە بەغدا داوا لە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی دەکات لە رێگەی تورکیا یان ئوردنەوە خاکی عێراق جێبهێڵن، ئەوەش دوای رووداوە ئەمنییەکانی ئەم دواییە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی ئەمڕۆ شەممە 7ی ئاداری 2026ی باڵیۆزخانەکە، دوای ئەو هێرشانەی دوێنێ بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک لە بەسرە کران و بوونەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە هەندێک دامەزراوەی نەوت، پەیوەندی بە ژمارەیەک ئەندازیاری تونسییەوە کراوە کە لە کێڵگەکانی نەوت و بەندەری بەسرە کاردەکەن و دڵنیابوونەتەوە کە هەموویان سەلامەتن.
 
باڵیۆزخانەی تونس لە بەغدا ئاماژە بەوەدەکات: "ئەندازیارەکان ئامادەییان دەربڕیوە عێراق جێبهێڵن و رێنمایی کراون کە باشترین رێگە ئێستا بۆ جێهێشتنی وڵات لە رێگەی وشکانییەوە و دواتر گەشتکردنە لە فڕۆکەخانەکانی وڵاتانی دراوسێ کە ئاسمانییان کراوەیە، وەک تورکیا و ئوردن".
 
شەوی رابردوو هێرش کرایە سەر کێڵگەی رومێڵەی باکوور لە پارێزگای بەسرە، کە 50 کیلۆمەتر لە باشووری ناوەندی پارێزگاکەوە دوورە.
 
بەگوێرەی دوو سەرچاوەی باڵای ئەمنیی بەسرە کە قسەیان بۆ رووداو کردووە، هێرشەکە شەوی هەینی 6ی ئاداری 2026، بە درۆن کراوەتە سەر کێڵگەکە.
 
 یەکێک لە سەرچاوەکان گوتی: "درۆنەکە نەخراوەتە خوارەوە و لە نێو کێڵگەکە کەوتووەتەوە."
 
بەهۆی ئەو هێرشەوە ئاگر لە بەشێکی کێڵگەکە کەوتەوە. کێڵگەکە لەگەڵ کێڵگەی رومێڵەی باشوور گەورەترین کێڵگەی نەوتی عێراقن و یەدەگیان بە زیاتر لە 17 ملیار بەرمیل مەزەندە دەکرێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کۆبوونەوەیەکی پێشووی کۆمکاری عەرەبی

کۆمکاری عەرەبی لەسەر هێرشەکانی ئێران کۆبوونەوەیەکی نائاسایی دەکات

رۆژی یەکشەممە وەزیرانی دەرەوەی کۆمکاری عەرەبی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی دەکەن بۆ تاوتوێکردنی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر خاکی چەند وڵاتێکی ئەندام لە رێکخراوەکە.