ئیسرائیل هێرشی "فراوان" دەکاتە سەر تاران و شەڕ پێ دەنێتە دووەم هەفتە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

رۆژی شەممە، ئیسرائیل شەپۆلێکی نوێی لە هێرشی "فراوان" بۆ سەر تاران راگەیاند، ئەمەش لەکاتێکدایە شەڕی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێی نایە دووەم هەفتە و نرخی نەوت بەهۆی مەترسییەکانی پەککەوتنی دابینکردنی وزە لە جیهاندا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە.
 
ئۆپەراسیۆنی بۆردوومانی ئەمریکا و ئیسرائیل کە لە 28ی شوباتەوە دەستیپێکردووە، بووەتە هۆی وەڵامدانەوەی ئێران بۆ سەر هاوپەیمانانی ئەمریکا لە ناوچەکە. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی هەینی رایگەیاند، تەنیا "خۆبەدەستەوەدانی بێ مەرج"ی ئێران کۆتایی بەم شەڕە دەهێنێت.
 
بەرەبەیانی رۆژی شەممە، دەنگی زەنگی ئاگادارکردنەوە و تەقینەوە لە ئاسمانی قودس- ئورشەلیم و شارەکانی دووبەی، مەنامە و نزیک ریاز بیسترا. لە سعودیە، مووشەکێکی بالیستی کە ئاراستەی بنکەیەکی سەربازیی هێزەکانی ئەمریکا کرابوو، تێکشکێندرا.
 
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، "شەپۆلێکی فراوانی هێرش"یان کردووەتە سەر شوێنە حکومییەکان لە تارانی پایتەخت. ڤیدیۆ تۆمارکراوەکان ئاگر و دووکەڵ نیشان دەدەن کە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی میهراباد بەرز دەبێتەوە.
 

 

 

لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا شەڕەکە پەرەی سەندووە و گەیشتووەتە لوبنان، قوبرس، تورکیا و ئازەربایجان، تەنانەت گەیشتە سریلانکاش، کە تێیدا هێزەکانی ئەمریکا کەشتییەکی جەنگیی ئێرانییان نقووم کرد.
 
ئەم شەڕە جگە لە کوژرانی سەدان کەس و زیانگەیاندن بە خانووبەرە و ژێرخان، پشێوییەکی گەورەی ئابووریشی دروستکردووە. نرخی نەوتی خاو بەهۆی مەترسییەکانی پەککەوتنی دابینکردنی وزە و گوشارەکانی تاران بۆ سەر گەرووی هورمز بەرزبووەوە.
 
گەرووی هورمز رێڕۆیێکی ستراتیژیی وزەیە و نزیکەی 20%ی نەوتی خاو و 20%ی گازە سرووشتییەکەی جیهانی تێدا تێدەپەڕێت. نرخی نەوتی تێکساسی ئەمریکی (WTI) بە رێژەی 12% بەرزبووەوە و گەیشتە سەروو 90 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، ئەمەش گەورەترین بەرزبوونەوەی هەفتانەیە کە تاوەکو ئێستا تۆمار کرابێت.
 
حکومەتی ئەمریکا دەڵێت، شەڕەکە رەنگە چوار هەفتە یان زیاتر بخایەنێت. ترەمپ رایگەیاندووە کە گەورە کۆمپانیاکانی بەرگریی ئەمریکا رازی بوون لەسەر چوار هێندەکردنی بەرهەمهێنانی چەکی پێشکەوتوو. فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) دەڵێت، لە هەفتەی رابردوودا سێ هەزار ئامانجی ئێرانییان پێکاوە.
 
پیت هێگسەس، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ بەرنامەی "60 خولەک"ی کەناڵی CBS رایگەیاند، ئەوان "نیگەران نین" لەو راپۆرتانەی دەڵێن رووسیا زانیاریی هەواڵگری لەبارەی جووڵەی هێزەکانی ئەمریکا دەداتە ئێران و گوتی: "ئێمە چاودێریی هەموو شتێک دەکەین."
 
'خۆبەدەستەوەدانی بێ مەرج'
 
کۆشکی کرێملن رایگەیاند، ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی رووسیا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران داوای ئاگربەستی "دەستبەجێ"ی کردووە.
 
بەڵام دۆناڵد ترەمپ رەتیکردەوە هیچ گفتوگۆیەک لەگەڵ تاران بکات و لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ترووس سۆشیاڵ) نووسیویەتی: "هیچ رێککەوتنێک لەگەڵ ئێران نابێت جگە لە خۆبەدەستەوەدانی بێ مەرج."
 
کارۆلین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند، کاتێک سەرۆک بڕیار بدات کە ئێران چی دیکە مەترسی نییە، "ئەوکات ئێران لە دۆخی خۆبەدەستەوەدانی بێ مەرجدایە، جا چ خۆیان بیڵێن یان نا."
 
هەروەها ترەمپ بەڵێنی داوە یارمەتیی ئاوەدانکردنەوەی ئابووریی ئێران بدات، ئەگەر کەسێکی "پەسند" لەلایەن واشنتنەوە شوێنی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران بگرێتەوە، کە هەفتەی رابردوو کوژرا. لە بەرامبەردا، ئەمیر سەعید ئیرەوانی، باڵیۆزی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی، ئەمریکا هیچ رۆڵێکی نابێت لە دیاریکردنی جێگرەوەی خامنەیی و ئەوە تەنیا کاری خەڵکی ئێرانە.
 
'کارەساتی مرۆیی'
 
لە سەرەتای شەڕەکەوە شەش سەربازی ئەمریکی کوژراون و بڕیارە رۆژی شەممە ترەمپ بەشداری لە رێوڕەسمی پێشوازیکردن لە تەرمەکانیان بکات.
 
وەزارەتی تەندروستیی لوبنان رایگەیاند، لانیکەم 217 کەس لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلدا کوژراون. نەواف سەلام، سەرۆکوەزیرانی لوبنان هۆشداریی دا کە "کارەساتێکی مرۆیی لە ئارادایە" و ئەنجوومەنی پەنابەرانی نەرویجیش دەڵێت، 300 هەزار کەس لەو وڵاتە ئاوارە بوون.
 
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، لە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلدا 926 کەس کوژراون، بەڵام هیچ لایەک نەیتوانیوە بە شێوەیەکی سەربەخۆ ئەو ژمارەیە پشتڕاست بکاتەوە.
 
لە وڵاتانی کەنداویش، درۆنەکان هێرشیان کردووەتە سەر فڕۆکەخانە و کێڵگە نەوتییەکان لە هەرێمی کوردستان و عێراق. لە سەرەتای شەڕەکەوە 13 کەس لە وڵاتانی کەنداو کوژراون، کە یەکێکیان کچێکی 11 ساڵانە بەناوی ئێلینا عەبدوڵڵا حوسێن لە کوێت.
 
عەبدوڵڵا حوسێن، باوکی ئێلینا دەڵێ، کچەکەی دوو کاژێر پێش مردنی پەیوەندیی پێوە کردووە و پێی گوتووە کە خۆشی دەوێت، "وەک ئەوەی ویستبێتی ماڵاواییم لێ بکات."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هێرشێکی ئێران بۆ سەر سعودیە

وەزیری بەرگریی سعودیە هۆشداری دەداتە ئێران

شازادە خالید بن سەلمان، وەزیری بەرگریی سعودیە، دوای هێرشە مووشەکی و درۆنییەکان بۆ سەر شانشینەکە، داوای لە ئێران کرد لە "هەڵە هەژمارکردن" دووربکەوێتەوە.