وەزیری بەرگریی سعودیە هۆشداری دەداتە ئێران

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

شازادە خالید بن سەلمان، وەزیری بەرگریی سعودیە، دوای هێرشە مووشەکی و درۆنییەکان بۆ سەر شانشینەکە، داوای لە ئێران کرد لە "هەڵە هەژمارکردن" دووربکەوێتەوە.
 
وەزارەتی بەرگریی سعودیە لە چەند راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، رێگرییان لە چەندین هێرشی مووشەکی کردووە کە ئاراستەی بنکەیەکی ئاسمانی کرابوون کە هێزەکانی ئەمریکای تێدایە، هەروەها هێرشێکی درۆنیش بۆ سەر کێڵگەیەکی گەورەی نەوتی تێکشکێندراوە.
 
ئەم هێرشانەی ئێران بۆ سەر ناوچەی کەنداو لەکاتێکدایە، هەفتەیەکە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستیپێکردووە و ئەوەش بووەتە هۆی هەڵگیرسانی شەڕێکی ناوچەیی.
 
سعودیە کە گەورەترین هەناردەکاری نەوتە لە جیهاندا، هەفتەی رابردوو رایگەیاند، لانیکەم دوو هێرشی درۆنی کراوەتە سەر پاڵاوگەی (رەئس تەنورە) لە رۆژهەڵاتی وڵات.
 
شازادە خالید لە هەژماری خۆی لە پلاتفۆرمی ئێکس بڵاویکردەوە، لەگەڵ فەرماندەی سوپای پاکستان کۆبووەتەوە و "باسیان لە هێرشەکانی ئێران بۆ سەر شانشینەکە و ئەو رێکارانە کردووە کە بۆ راگرتنیان پێویستن."
 
وەزیری بەرگریی سعودیە گوتیشی: "جەختمان لەوە کردەوە کە ئەم جۆرە کارانە ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە تێکدەدەن. هیوادارین لایەنی ئێرانی دانایی بەکاربهێنێت و لە هەر هەڵە هەژمارکردنێک دووربکەوێتەوە."
 
وەزارەتی بەرگریی سعودیە ئاماژەی بەوەش کرد، مووشەکێکی بالیستی کە ئاراستەی بنکەی ئاسمانیی (شازادە سوڵتان) لە باشووری رۆژهەڵاتی ریازی پایتەخت کرابوو، تێکشکێندراوە. ئاژانسی هەواڵی فەرمیی سعودیەش بڵاویکردەوە، هێرشێکی دیکەی درۆنی کە کێڵگەی نەوتیی (شەیبە)ی لە نزیک سنووری ئیمارات کردبووە ئامانج، تێکشکێندراوە.
 
هەروەها وەزارەتی بەرگری باسی لەوەش کردووە، درۆنێکی دیکەیان لە رۆژهەڵاتی شاری ریاز تێکشکاندووە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر تارانی پایتەختی ئێران

ئیسرائیل هێرشی "فراوان" دەکاتە سەر تاران و شەڕ پێ دەنێتە دووەم هەفتە

رۆژی شەممە، ئیسرائیل شەپۆلێکی نوێی لە هێرشی "فراوان" بۆ سەر تاران راگەیاند، ئەمەش لەکاتێکدایە شەڕی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێی نایە دووەم هەفتە و نرخی نەوت بەهۆی مەترسییەکانی پەککەوتنی دابینکردنی وزە لە جیهاندا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە.