ماکرۆن: ئاگربەست دەبێت لوبنانیش بگرێتەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئوسامە محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا پشتگیریی خۆی بۆ ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و ئێران دەربڕی و جەختی کردەوە کە دەبێت ئەم ئاگربەستە لوبنانیش بگرێتەوە، تاوەکو متمانەپێکراو و بەردەوام بێت.
 
رۆژی چوارشەممە، 8ـی نیسانی 2026 ئیمانوێل ماکرۆن لە هەژماری فەرمیی خۆی لە پلاتفۆرمی "ئێکس" رایگەیاند کە پەیوەندیی تەلەفۆنیی لەگەڵ هەریەک لە مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئەنجامداوە. 
 
سەرۆککۆماری فەرەنسا هیوای خواست ئاگربەستەکە لەلایەن هەموو لایەنەکان رێزی لێ بگیرێت و گوتی: "پابەندبوون بە ئاگربەست لە لوبنانیش، مەرجێکی پێویستە بۆ ئەوەی ئەم ئاگربەستە متمانەپێکراو و درێژخایەن بێت." 
 
ماکرۆن ئاماژەی بەوە کرد کە بڕیاری هەردوولا بۆ قبووڵکردنی ئاگربەست "باشترین بڕیاری گونجاو بووە".
 
سەرۆککۆمارى فەرەنسا باسی لەوە کردووە کە ئەم هەنگاوە دەبێت رێگە بۆ دانوستاندنێکی گشتگیر خۆش بکات، ئاسایشی هەمووان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بپارێزێت.
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ماکرۆن جەختی کردەوە کە هەر رێککەوتنێکی داهاتوو دەبێت وەڵامی نیگەرانییەکان لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمی و بالیستیی ئێران، سیاسەتی ناوچەیی تاران و رێگریکردن لە کەشتیوانی لە تەنگەی هورمز بداتەوە. 
 
سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند، وڵاتەکەی ئامادەیە رۆڵی خۆی لە بونیادنانی ئاشتییەکی پتەودا بگێڕێت و بۆ ئەم مەبەستەش لەگەڵ سەرکردەکانی قەتەر، ئیمارات، لوبنان و عێراق گفتوگۆی کردووە.
 
هەرچەندە واشنتن و تاران بە نێوەندگیریی پاکستان لەسەر ئاگربەستێکی دوو هەفتەیی رێککەوتوون، بەڵام ئیسرائیل رەتیدەکاتەوە شەڕ لە لوبنان رابگرێت و ئێرانیش کردنەوەى تەنگەى هورمزی بە بوونى لوبنان لە ئاگربەستەکە بەستووەتەوە.  

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە