رووداو دیجیتاڵ
بۆ وەرگرتنی چەند نانێک، خەڵکی غەززە لە مانگی رەمەزانی پیرۆزدا ناچارن چەندین کاژێر لەبەردەم نانەواخانەکان نۆرە بگرن. دیمەنێک رۆژانە دووبارە دەبێتەوە لە کاتێکدا ژمارەی نانەواخانەکان زۆر کەمن و خواستیش زۆرە.
ئەمین ئەبوشەهلە، هاووڵاتییەکی غەززەیە و دەڵێت: "لە کاژێر شەشی بەیانییەوە تا کاژێر یەکی نیوەڕۆ نۆرە دەگرین بۆ ئەوەی پێنج نان وەربگرین. ئەمە لە کاتێکدایە پێنج نان بۆ خێزانێکی حەوت تا 10 ئەندام زۆر کەمە. ژمارەی نانەواخانەکانیش زۆر کەمن و بەرهەمەکانیان بەش ناکات. بەراستی ئێمەی غەززەییەکان لە دۆخێکی زۆر دژواردا دەگوزەرێین. بەدەر لەمەش بەدەست کەمی غاز و سووتەمەنی و دار دەناڵێنین. لە بازاڕەکانیشدا نرخەکانیان زۆر گرانن."
نەبوونی غاز و سووتەمەنییەکان، نرخی داری گران کردووە. بەهۆیەوە خەڵکی غەززە ناتوانن نان لە ماڵەکانیاندا دروست بکەن بۆیە ناچارن شەش کاژێر نۆرە بگرن بۆ چەند دانە نانێک کە بەشیان ناکات.
رەجا عەقاد، هاووڵاتییەکی غەززەیە و دەڵێت: "زیاتر لە جارێک لەم نانەواخانەیەدا نۆرەم گرتووە و نانم دەست نەکەوتووە. ئەمە دووەم جارمە ئەمڕۆ نۆرە بگرم بەو هیوایەی نانم دەست بکەوێت. لە ماڵەوە غاز و دارمان نییە بۆ ئەوەی نان دروست بکەم. دایکم نەخۆشە ناتوانێت بەتەنیا برنج بخوات، ناچارم نانی بۆ پەیدا بکەم."
هەرچی بازاڕە، بەدەست نەبوونی کەرەستە و کەلوپەلی پێویست دەناڵێنێت و گرانی نرخی کاڵاکانیش هۆکارە بۆ سستی بازاڕ.
فاتیمە شاعیر، دانیشتوویەکی دیکەی کەرتەکەیە و باس لەوە دەکات: "ناتوانین پارشێو بۆ منداڵەکانمان دابین بکەن هەموو شتێک زۆر گرانە و سەرباری ئەمەش دەستناکەوێت. خۆمان بەبێ پارشێو رۆژوو دەگرین، بەڵام منداڵەکانمان پێویستیان پێیەتی. تێچووی هەردوو ژەمەکە زۆر گرانە و خەڵکی غەززە لە توانایاندا نییە شان بدەنە ژێر ئەم بارە قورسە. باس لە جلوبەرگیش ناکەم، ئەمەیان زۆر گرانە."
مەحموود نەجار، هاووڵاتیی غەززە دەڵێت: "نرخی سەوزە زۆر گرانە. کولەک، تەماتە و خیار لە هەموویان گرانترە. هەروەها نرخی جلوبەرگیش هەر باس نەکرێت. هەموو شتێک لە غەززە گرانە."
بەهۆی دروستبوونی کێشە لە قۆناخی دووەمی دانووستاندنەکاندا، ئیسرائیل دەروازە سنوورییەکانی لەگەڵ غەززە داخست و رێگریی کرد لە گەیاندنی هاوکارییەکان. بەهۆیەوە پێداویستییە سەرەکییەکان کەم دەبێتەوە و لە بازاڕەکاندا نرخەکانیان زۆر گران دەبن. لە پاڵ ئەمەشدا غەززەییەکان نیگەرانن بەوەی دووبارە جەنگ دەستپێنەکاتەوە.
سەرباری ئەم هەموو ئاڵنگاری و قەیرانە گەورانەی رووبەڕووی فەلەستینییەکانی غەززە دەبنەوە، هاوکات چاویان لە هیوای کۆتاییهاتنی هەمیشەیی جەنگە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ