رووداو دیجیتاڵ
ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا لە دیمەشق پێشوازی لە نەواف سەلام، سەرۆکوەزیرانی لوبنان کرد. لەم سەردانەدا چەندین پرسی هەستیاری وەک ئاسایش، گواستنەوە و وزە تاوتوێ کران.
ئەمە یەکەم هەنگاوی گەورەی هەردوو وڵاتە بۆ رێکخستنەوەی پەیوەندییەکانیان دوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە کانوونی یەکەمی 2024؛ ئەو دەسەڵاتەی کە بۆ چەندین دەیە دەستوەردانی لە کاروباری ناوخۆی لوبنان دەکرد و تۆمەتبار بوو بە تیرۆرکردنی چەندین بەرپرسی لوبنانی کە دژی هەژموونی سووریا بوون.
رۆژی شەممە، 9ـی ئایاری 2026، سەرۆکایەتیی کۆماری سووریا لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە "پەرەپێدانی هاوکارییە ئابووری و بازرگانییەکان، بەهێزکردنی هاوئاهەنگیی ئەمنی بۆ پاراستنی سەقامگیری و رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان،" لەگەڵ دوایین پێشهاتە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان کراوە.
نەواف سەلام لەم سەردانەدا شاندێکی باڵای لەگەڵ بوو کە پێکهاتبوو لە تاریق مەتری، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیرانی وزە، ئابووری و گواستنەوەی لوبنان. سەرۆکوەزیرانی لوبنان لە کۆتایی سەردانەکەدا رایگەیاند، "پێشکەوتنی بەرچاو" لە پرسە هاوبەشەکاندا بەدی هاتووە.
دۆسیەی بێسەروشوێنەکان و زیندانییان
سەلام بە رۆژنامەڤانانی گوت: "باسی بەردەوامیی هەوڵەکانمان کرد بۆ چارەسەرکردنی کێشەی سووریاییە دەستبەسەرکراوەکان لە لوبنان و ئاشکراکردنی چارەنووسی بێسەروشوێنەکان و ئەو کەسانەی لە هەردوو وڵات بە زۆرەملێ بێسەروشوێن کراون."
لە مانگی ئاداری رابردوودا لوبنان زیاتر لە 130 زیندانیی سووریایی رادەستی دیمەشق کردەوە تاوەکو ماوەی سزاکانیان لە وڵاتی خۆیان تەواو بکەن. هەروەها بەیرووت هەوڵدەدات لە دەسەڵاتی نوێی سووریاوە زانیاری لەسەر "تیرۆرە سیاسییەکانی" سەردەمی بنەماڵەی ئەسەد بەدەستبهێنێت.
ئاسایشی سنوورەکان و قاچاخچێتی
سەرۆکوەزیرانی لوبنان باسی پێویستیی "کۆنترۆڵکردنی سنووری نێوان لوبنان و سووریا و رێگریکردن لە هەموو جۆرە قاچاخچێتییەک" کرد. سنووری نێوان هەردوو وڵات 330 کیلۆمەترە و بەوە ناسراوە کە چەندین رێگەی نایاسایی تێدایە بۆ قاچاخچێتیی کاڵا و مرۆڤ.
مانگی پێشوو، دەروازە سنوورییە سەرەکییەکان بۆ چەند رۆژێک داخران، ئەمەش دوای هەڕەشەکانی ئیسرائیل بۆ بۆردوومانکردنیان، بەو بیانوویەی کە حیزبوڵڵا ئەو دەروازانە بۆ مەبەستی سەربازی و قاچاخچێتی بەکاردەهێنێت.
هەڵوێستی نوێ بەرامبەر حیزبوڵڵا
لە دوای رووخانی ئەسەد، حیزبوڵڵا گەورەترین هاوپەیمان و رێگەی سەرەکیی دابینکردنی چەک و پێداویستییەکانی لەدەستدا. دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا هەڵوێستێکی تووندیان بەرامبەر حیزبوڵڵا و ئێران هەیە و لە چەند مانگی رابردوودا دەستگیرکردنی چەندین شانەی سەر بەو گرووپەیان لە ناو سووریا راگەیاندووە.
نەواف سەلام لە پەیامێکی رووندا بۆ دیمەشق و ناوچەکە رایگەیاند: "ئێمە رێگە نادەین خاکی لوبنان ببێتە سەکۆیەک بۆ زیانگەیاندن بە هیچ کام لە برا عەرەبەکانمان، لە نێویشیاندا سووریا."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ