رووداو دیجیتاڵ
کابینەی حکومەتی ئیسرائیل ئەمڕۆ بڕیار لەسەر رێککەوتنی ئاگربەستی جەنگی غەززە دەدات. بەرپرسێکی حەماسیش دەڵێت، سوپای ئیسرائیل لە تەواوی شارەکانی غەززە دەکشێتەوە.
کابینەی حکومەتی ئیسرائیل ئێوارەی ئەمرۆ پێنجشەممە کۆدەبێتەوە و دەنگ لەسەر رێککەوتنی ئاگربەستی جەنگی غەززە دەدات. ئۆفیسی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت، "دوای دەنگدانی کابینەکە، ئەمشەو ئاگربەستەکە دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە."
ئوسامە حەمدان، بەرپرسێکی حەماس لە قەتەر رایگەیاند، رۆژی هەینی سوپای ئیسرائیل لە هەموو شارەکانی غەززە دەکشێتەوە، لەنێویاندا خان یونس، رەفەح و شاری غەززە.
بەگوێرەی ئەو بەرپرسەی حەماس، تەواوی بارمتەکانی ئیسرائیل ئازاد دەکرێن، کە 48 یان لەژێر دەستی حەماس ماون و 20ـیان لە ژیاندا ماون. لە بەرامبەر ئازادکردنی بارمتەکان، 1700 زیندانیی فەلەستینی ئازاد دەکرێن.
شەوی چوارشەممە، حەماس دوای گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ شاندی ئیسرائیلی لە میسر بە پێشنیازەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ ئاگربەست رازیبوو.
"چپە مێژووییەکە"
رۆژی چوارشەممە، دۆناڵد ترەمپ لە کۆشکی سپی باسی لە "ئاشتی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست" دەکرد و گوتی، "هیوادارم بەدی بێت."
سەرۆکی ئەمریکا نیازی خۆی بۆ سەردانکردنی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئاشکرا کرد و گوتی، "رەنگە کۆتایی هەفتە رۆژی یەکشەممە، سەردانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بکەم."
سەرۆکی ئەمریکا لەنێو ئەم قسانەدا بوو، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا چووە لای ترەمۆ و بە گوێیدا چرپاندی و کاخەزێکی پێدا، ترەمپ گوتی"زۆر نزیکین لە ئاگربەستی غەززە."
چەند خولەکێک دوای ئەمە، دۆناڵد ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیال رازیبوونی حەماسی بە ئاگربەست راگەیاند.
قۆناخی یەکەمی ئاگربەستەکە بەمشێوەیەیە:
- بڕیارە دوای 72 کاژێر تەواوی بارمتە زیندووەکانی ئیسرائیل ئازادبکرێن.
- ترەمپ و نەتەنیاهوو پەیوەندییەکی تەلەفۆنی ئەنجام بدەن.
- قەتەر و میسر و تورکیا نێوەندگیری جێبەجێکردنی پلانی رێککەوتنەکە بوون.
- دەروازەی رەفەح دەکرێتەوە و هاوکاری دەگاتە نێو غەززە.
جەنگی غەززە و ئامارەکان
رۆژی 7ـی ئۆکتۆبەری 2024 جەنگی غەززە بە هێرشێکی حەماس بۆ سەر کۆمەڵگە جوونشینەکانی سەر سنووری ئیسرائیل دەستیپێکرد. 250 کەسی بە بارمتە گرت و نزیکەی 1200 کەسی کوشت.
رۆژی دواتر ئیسرائیل دەستی بە بۆردوومانی غەززە کرد. بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستیی غەززە، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل زیاتر لە 67 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ