سوپای ئیسرائیل: زیاتر لە 200 سەکۆی هاویشتنی مووشەکی حیزبوڵڵامان تێکشکاندووە

دوێنێ کاژێر 11:46
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سوپای ئیسرائیل ئاماری نوێی هێرشەکانی بۆ سەر پێگەکانی حیزبوڵڵای لوبنانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە دەستپێکی ئۆپەراسیۆنەکانەوە سەدان چەکدار و بەرپرسی یەکەی تۆپخانەی ئەو حیزبەیان کوشتووە و زیانێکی زۆریان بە ژێرخانی سەربازییان گەیاندووە.
 
رۆژی هەینی، 10ـی نیسانی 2026، ئیلا واویا، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل بۆ میدیا عەرەبییەکان رایگەیاند، لە چوارچێوەی هەوڵەکانیان بۆ پەکخستنی تواناکانی حیزبوڵڵا، هێزەکانیان توانیویانە زیاتر لە 200 سەکۆی هاویشتنی مووشەک و نزیکەی 1,300 چاڵە مووشەک تێکبشکێنن.
 
بەپێی زانیارییەکانی سوپای ئیسرائیل، لەم هەفتەیەدا (عەلی کامیل عەبدولحەسەن) کە بەرپرسی یەکەی تۆپخانە بووە لە "یەکەی نەسر"ی حیزبوڵڵا، لە ئۆپەراسیۆنێکدا کوژراوە. هەروەها دەڵێت، لە سەرەتای شەڕەکەوە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 250 چەکداری یەکەی تۆپخانەی حیزبوڵڵا کوژراون، کە 15یان فەرماندەی مەیدانی بوون لە کەرتە جیاوازەکاندا.
 
لەبارەی چالاکییەکانی هێزی زەوینی لە باشووری لوبنان، گوتەبێژەکەی سوپای ئیسرائیل ئاشکرای کرد، هێزەکانی لیوای 91 و لیوای 769 بە هاوکاری هێزی ئاسمانی، توانیویانە گرووپێکی چەکداری لەناو ببەن.
 
لەو بارەیەوە گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەشکردووە: "رۆژی چوارشەممە، چەکدارێک بینراوە کە لەنێو دەوەنەکاندا خۆی حەشارداوە، دوای دەستنیشانکردنی لەلایەن هێزی ئاسمانییەوە کوژراوە. دواتریش ئۆتۆمبێلێکی دیکە کە هەوڵی هەڵاتنی دەدا و چەکدارانی تێدابوو، کرایە ئامانج."
 
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، تەنیا لە هەفتەی رابردوودا ئەو ئەنجامانەیان هەبووە:
 
کوژرانی زیاتر لە 40 چەکداری حیزبوڵڵا.
 
تێکشکاندنی زیاتر لە 50 ژێرخانی سەربازی.
 
بۆردوومانکردنی کۆگایەکی چەک و تەقەمەنی.
 
سوپای ئیسرائیل جەختی کردووەتەوە کە بەردەوام دەبن لە ئۆپەراسیۆنەکانیان دژی حیزبوڵڵا و رێگە نادەن هیچ مەترسییەک بۆ سەر هاووڵاتییانی ئیسرائیل، بەتایبەتی دانیشتووانی ناوچەکانی باکوور دروست بێت.
 
لەلایەکی دیکەوە حیزبوڵڵای لوبنان بڵاوی کردەوە، رۆژی 9ی نیسان، واتە رۆژێک دوای ئاگربەست 72 ئۆپەراسیۆنی دژی ئسیرائیل کردووە، کە 36 ئۆپەراسیۆنیان لە نێو خاکی لوبنان و 36یشیان لە نێو خاکی ئیسرائیل بووە.
 
حیزبوڵڵا رایگەیاندووە لە ئۆپەراسیۆنەکانیاندا 29 کۆمەڵگەی جوونشینیان بە ئامانج کردووە، یەک دەبابەیان تێکشکاندووە و سێ گردبوونەوەی سەربازانی ئیسرائیلیان بە ئامانج کردووە. 
 
حیزبوڵڵا هەروەها بڵاوی کردەوە رۆژی هەینی تاوەکو کاژێر 2:00ی دوای نیوەڕۆ 22 ئۆپەراسیۆنیان لە دژی ئیسرائیل کردووە.
 
دوایین هێرشی حیزبوڵڵا کە دوای نیوەڕۆی ئەمرۆ هەینی کردوویانە وەک خۆیان دەڵێن بە مووشەکێکی جۆری بووە بۆ سەر بنکەی سەربازی دەریاوانی لە بەندەری ئەشدوود لە ئیسرائیل

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە