سبەی تاران و واشنتن لەسەر مێزی گفتوگۆ دەبن؛ 'ئاگربەست تەنیا مەرەکەبی سەر کاخەزە'

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
سینا سۆما
لە تاران رەشبینییەک بەرامبەر بە ئاشتی هەمیشەیی و ئاگربەست هەیە
لە تاران رەشبینییەک بەرامبەر بە ئاشتی هەمیشەیی و ئاگربەست هەیە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

تاران و واشنتن لەسەر مێزی ئاگربەستن، بەڵام لە شەقام و ناوەندە سیاسییەکانی ئێراندا، تۆزی رەشبینی بەسەر کەشی دیپلۆماسییەوە نیشتووە. لەگەڵ ئەوەی بڕیارە گفتوگۆکان دەستپێبکەن، بەڵام لە تاران دەنگێک هەیە دەڵێت "ئاگربەستەکە تەنیا مەرەکەبی سەر کاخەزە" و پێشێلکراوە.
 
مورتەزا عەلەوی، شرۆڤەکاری سیاسی و شارەزای کاروباری نێودەوڵەتی: "بە بۆچوونی ئێمە ئاگربەست پێشێل کراوە، نەک تەنیا جارێک بەڵکو سێ جار. دوای لێدوانەکانی جەی دی ڤانس، جێگری ترەمپیش، ئەو تێڕوانینەی هەبوو کە گوایە ئەو کەسێکی لۆژیکییە و ئەمریکا لە زۆنگاوەکە ڕزگار دەکات، هەڵە دەرچوو. لە کردەیدا دانوستاندنەکان بەر لەوەی دەستپێبکەن، شکستیان هێناوە."
 
یەکێک لە گرێکوێرە سەرەکییەکانی نێوان هەردوو وڵات، گەرووی هورمزە. بەپێی رێککەوتنەکە، دەبوو ئەم رێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییە بکرێتەوە، کە مەرجی سەرەکی واشنتنە بۆ سەرکەوتنی ئاگربەستەکە. بەڵام لە نوێترین پەیامی دا، موجتەبا خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، جەخت لەسەر مانەوەی کۆنترۆڵی تەنگەکە لەژێر دەستی وڵاتەکەیدا دەکاتەوە. هاوکات پەرلەمانی ئێرانیش دەیەوێت ئەم هەڵوێستە بکاتە یاسایەکی پابەندکەر.
 
ئیبراهیم عەزیزی، سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوە لە پەرلەمانی ئێران: "دوای پەسندکردنی ئەم پڕۆژەیاسایە، گەرووی هورمز بە تەواوی و بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە لەژێر کۆنترۆڵی هێزە چەکدارەکانی ئێراندا دەبێت. لە داهاتووشدا دەکرێت لە چوارچێوەی ئەم یاسایەدا، ڕێککەوتنێکی هاوبەش لەگەڵ عومان واژۆ بکەین."
 
لە نێوان تارانێکی پڕ لە گومان و واشنتنێکی چاوەڕوانکاردا، ئاگربەستەکە بە لەرزۆکی ماوەتەوە. ئێستا هەموو چاوەکان لەسەر ئیسلامئابادی پایتەختی پاکستانن؛ بڕیارە رۆژی شەممە 11ی نیسان، شاندی هەردوولا بە نێوەندگیری پاکستان کۆببنەوە، تاوەکو تاقیکردنەوەیەکی دیکە بۆ دیپلۆماسییەت بکەن لە ناوچەیەکدا کە جەنگ تێیدا لە هەموو کاتێک نزیکترە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەو شوێنەی ئیسلام ئاباد کە بڕیارە دانوستاندنی نێوان ئەمریکا و ئێران لێی بەڕێوەبچێت. وێنە: AFP

شاندی ئەمریکا و ئێران بەرەو ئیسلامئاباد؛ دانوستاندنێکی چارەنووسساز

پێش دەستپێکردنی گفتوگۆ چاوەڕوانکراوەکانی ئیسلامئابادی پایتەختی پاکستان لەنێوان شاندەکانی ئەمریکا و ئێران بۆ رێککەوتنێکی کۆتایی بۆ راگرتنی جەنگ، جێگری سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند: "چاوەڕێی دانوستاندنەکان لەگەڵ ئێران دەکەم و پێموایە بونیادنەر دەبن."