رووداو دیجیتاڵ
بەشێک لە هاووڵاتییانی لوبنان هاوشێوەی ژمارەیەکی زۆری پەنابەرە سووری و فەڵەستینییەکانی نیشتەجێی لوبنان؛ ژیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە بۆ کۆچکردن لە رێگەی دەریای سپییەوە بەرەو وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا.
بیلال موسا، باوکی سێ منداڵە و بێکارە، ئەو دەڵێت، "ئەوەی وای لێکردم وا بیر لە کۆچ بکەمەوە ئەوەیە کە دۆخی ئابووری ئەم وڵاتە بە جارێک سفرە، دۆلار ئەمڕۆ بە 25ە، پێداویستییەکانی ژیانم نییە بۆ ئەوەی بژیم، هیچ ئایندەیەکم لێرە نییە، نە بۆ خۆم و نە بۆ منداڵەکانم... هیچ شتێک لە دەریا مسۆگەر نییە، ناوی دەریایە، بۆیە هیچ شتێک تێیدا مسۆگەر نییە، خودا چەند رێگەمان بدات ئەوەندە دەکەین، ئەگەر بگەین باشە، ئەگەریش نەگەین ئەوە چارەنووسمانە، رەنگە لە دەریادا بمرین".
هۆکاری ئەو سەرکێشییە وەکو خوازیارانی کۆچکردن لە لوبنان دەڵێن: قەیرانی ئابووری و قەیرانی سیاسییە لەو وڵاتە، لە کاتێکدا دراوی لوبنانی لە ماوەی کەمتر لە دوو ساڵ زیاتر لە 90٪ی بەهای خۆی لەدەستداوە.
بیلال موسا دەشڵێت، "هیچ شتێکم لە مێشکدا نییە، واتا هیوام بە هیچ شتێکی ئێرە نییە، دەمەوێ کۆچبکەم، هیچ رێگەیەکیش لە پێشمان نییە دەریا نەبێ".
بەڵام کۆچکردن لە لوبنانەوە بەرەو ئەوروپا ئاسان نییە و پڕە لە مەترسی، مەترسی دەریا، مەترسی ئەوەی قاچاخچییەکە فێڵ لە کۆچبەرەکان بکات؛ لەگەڵ مەترسیی ئاشکرابوونی کۆچبەرەکان و دەستگیرکردنیان، لەلایەن هێزە ئەمنییە دەریاییەکان.
قەیرانی ئابووری بەدرێژایی کەمتر لە دوو ساڵ زۆرینەی لوبنانییەکانی بێهیوا کردووە و ناچاری کردوون؛ تەنیا لە خەمی دابینکردنی پێداویستییە زۆر سەرەکییەکانیان بن وەکو ئاو و خۆراک و سووتەمەنی، بۆیە ئامادەن قوربانی زۆر بدەن لەپێناو کۆچکردن.
بەپێی دوایین توێژینەوە کە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە روانگەی داهاتی تاکەوە کردوویەتی هەژاری بەرۆکی 74٪ی دانیشتووانی لوبنانی گرتووە، بۆیە تەنیا لە ساڵی 2021دا زیاتر لە 77 هەزار هاووڵاتی لە لوبنانەوە بۆ وڵاتانی دیکە کۆچیان کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ