رووداو دیجیتاڵ
هێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیل دەڵێن، پێنج جووی هاوردەیان دەستگیرکردووە کە تۆمەتبارن بە هێرشکردنە سەر ماڵی خێزانێکی فەلەستینی لە کەرتی رۆژئاوا و بەهۆیەوە کۆرپەیەکی هەشت مانگە بریندار بووە.
رۆژی پێنجشەممە، پۆلیس و هێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە، دەستگیرکراوەکان لە هێرشێک بۆ سەر شارۆچکەی سەعیر لە باکووری شاری خەلیل تێوەگلاون، کە تێیدا "تووندوتیژیی مەترسیدار" کراوە.
بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵی فەڵەستین (وەفا)، هێرشەکە درەنگانی شەوی چوارشەممە لەلایەن گرووپێک جووی هاوردەی چەکدارەوە کراوە و بەردبارانی ماڵ و موڵکی هاووڵاتیانیان کردووە، بەو هۆیەوە کچێکی هەشت مانگە بریندار بووە.
پۆلیسی ئیسرائیل دەڵێ، بەدواداچوونە سەرەتاییەکانیان دەریانخستووە گومانلێکراوەکان خەڵکی شوێنێکی نزیک ناوچەکەن.
لە رووداوێکی جیادا، سوپای ئیسرائیل دەرکردنی سەربازێکی یەدەگی راگەیاند، دوای ئەوەی لە ڤیدیۆیەکدا دەرکەوت کە ئەو سەربازە بە جلوبەرگی سڤیلەوە و بە ئۆتۆمبێلەکەی، خۆی دەکێشێت بە هاووڵاتییەکی فەلەستینی دا کە سەرقاڵی نوێژکردن بووە لە ناوچەی دێر جەریری نزیک رامەڵڵا.
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، "بەهۆی خراپیی رووداوەکەوە" دەستبەجێ کۆتایی بە خزمەتە سەربازییەکەی هێنراوە و چەکەکەیشی لێ سەندراوەتەوە.
نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری داوە کە تووندوتیژیی جووە هاوردەکان لە ساڵانی رابردوودا زیادی کردووە و تشرینی یەکەمی ساڵی 2025 خراپترین مانگ بووە لەو کاتەوەی لە ساڵی 2006ـەوە تۆمارکردنی ئەم جۆرە رووداوانە دەستیپێکردووە، بەجۆرێک 264 هێرش تۆمارکراون.
لە دوای دەستپێکردنی جەنگی غەززە لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023ـەوە، تووندوتیژییەکان لە کەرتی رۆژئاوا گەیشتوونەتە ئاستێکی پێوانەیی. بەپێی ئامارێک کە پشتی بە داتاکانی وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین بەستووە، لەو کاتەوە زیاتر لە هەزار فەڵەستینی لە کەرتی رۆژئاوا بە تەقەی سەربازانی ئیسرائیل و جووە هاوردەکان کوژراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ