مەزڵووم عەبدی: گەڕانەوەی ئاوارەکانی عەفرین پێویستی بە گەرەنتیی راستەقینەیە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رایدەگەیێنێت، "بە گەشبینییەوە" دەڕواننە دانوستاندنەکانیان لەگەڵ حکومەتی دیمەشق و ئاشکرای دەکات، رێککەوتن کراوە و لەبارەی چەند پرسێکی سەرەکیی سەربازی و ئەمنی گەیشتوونەتە تێگەیشتن.
 
رۆژی پێنجشەممە، مەزڵووم عەبدی لە کۆبوونەوەیەکدا لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە لەگەڵ دەستەی راوێژکاریی لیژنەی دانوستاندنکار لە تەبقە، باسی لە دوایین پێشهاتەکان کرد.
 
بەرەوپێشچوونی دانوستاندنەکان
 
مەزڵووم عەبدی رایگەیاند، بەراورد بە سەرەتای ئەم ساڵ، دانوستاندنەکان لەم مانگانەی دواییدا "بەرەوپێشچوونی باشیان بەخۆیەوە بینیوە"، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی هەندێک جار پێشێلکاری لە رێککەوتنی 10ـی ئاداردا کراوە، کە لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناخی راگوزەر پێکەوە واژۆیان لەسەر کردووە.
 
مەزڵووم عەبدی گوتی: "لەبارەی تێکەڵکردنی سەربازی و ئەمنی گەیشتووینەتە لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش کە لە بەرژەوەندیی گشتیدایە و سەقامگیریی ناوچەکە دەپارێزێ؛ هاوکات شەڕی دژی تیرۆریش بەردەوام دەبێ؛" جەختیشی کردەوە کە هەر رێککەوتنێک بکرێ، بە هاوبەشی رادەگەیێندرێ.
 
فەرماندەی هەسەدە ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە باس لەوە دەکەن وادەی رێککەوتنەکە لە کۆتایی ئەم ساڵدا بەسەردەچێت یان دەبێتەهۆی گەڕانەوە بۆ شەڕ و پێکدادانی سەربازی. 
 
مەزڵووم عەبدی گوتی: "ئاگربەستەکە کاتی بۆ دیاری نەکراوە و هەوڵەکان بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە بە پاڵپشتیی نێوخۆیی، هەرێمی و نێودەوڵەتی بەردەوام دەبن".
 
هێرشی میدیایی و سیستمی ناناوەندی
 
وەک لە راگەیێندراوی ناوەندی میدیایی هەسەدەدا باس کراوە، مەزڵووم عەبدی داوای رەتکردنەوەی "گوتاری رق و کینە"ی کرد و وەک یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی رێککەوتنی ئادار ناوی برد؛ داواشی لە سەرۆک هۆز و کەسایەتییە ئاینییەکان کرد کە هانی "گفتوگۆی بنیاتنەرانە" بدەن، لە وڵاتێکدا کە بەدەست 14 ساڵ جەنگی ناوخۆییەوە، شەکەت بووە.
 
لەبارەی شێوازی بەڕێوەبردنی وڵات، مەزڵووم عەبدی پاڵپشتیی خۆی بۆ "سیستمی ناناوەندی" دووپات کردەوە بۆ دابەشکردنی دەسەڵاتەکان لەنێوان ناوەند و پارێزگەکاندا و دوورکەوتنەوە لە سیستمی ناوەندیی رابردوو، بەجۆرێک ناوچەکان لە لایەن خەڵکی خۆجێییەوە بە شێوەیەکی دیموکراسی بەڕێوەببردرێن. 
 
کێشەی ئاوارەکان و گەرەنتییەکان
 
سەبارەت بە گەڕانەوەی ئاوارەکانی عەفرین، سەرێکانێ و گرێ سپی، مەزڵووم عەبدی ئاماژەی بەوە کرد کە "تێگەیشتنێکی سەرەتایی" هەیە، بەڵام هێشتا کۆسپ ماون و پێویست بە گەرەنتیی راستەقینە دەکات بۆ گەڕانەوەی سەلامەت، کە هێشتا بەدی نەهاتووە.
 
پێشێلکاری و گوشارەکان
 
مەزڵووم عەبدی هۆشداریدا لە شکستپێهێنانی دانوستاندنەکان و رایگەیاند، ئەوە زیان بە هەموو سووریاییەکان دەگەیەنێت، هاوکات رەخنەی لە بڕیارەکانی ئەم دواییەی دیمەشق گرت بەرامبەر فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و بە "هەنگاوی پەرەسەندنی گرژی و پێشێلکاریی رێککەوتنەکە" ناویبردن.
 
رێککەوتنی 10ـی ئاداری نێوان مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع، داوای تێکەڵکردنی هەسەدە بە دامەزراوەکانی دیمەشق دەکات، لەگەڵ رادەستکردنی دەروازە سنوورییەکان و سەرچاوە سرووشتییەکان.
 
 تورکیاش کە پاڵپشتیکارێکی سەرەکیی حکومەتە کاتییەکەیە، داوای پەلەکردن دەکات لەو پرۆسەیە و هۆشداریداوە ئەگەر هەسەدە پابەند نەبێت، رەنگە رووبەڕووی جووڵەی سەربازی ببنەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ژمارەیەک کۆچبەر لە لیبیا

بەهۆی نرخی تکتی فڕۆکەوە گەڕانەوەی 72 کۆچبەری کورد لە لیبیاوە دوادەکەوێت

باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی گەڕاندنەوەی 72 کۆچبەری خەڵکی هەرێمی کوردستان تەواو بوون، بەڵام پەرلەمانتارێکی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق ئاشکرای دەکات، بەهۆی بەرزیی نرخی بلیتی فڕۆکە لە پشووەکانی سەری ساڵدا، گەڕانەوەیان دواکەوتووە.