رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا کاردانەوەی بەرامبەر بڕیاری ئیسرائیل بۆ دانپێدانان بە سۆماڵیلاند وەک دەوڵەت نیشاندا و رایگەیاند، ئەو هەنگاوە "نموونەیەکی نوێی کردەوە نایاساییەکانی ئیسرائیلە کە ئامانجی دروستکردنی نائارامییە."
ئیسرائیل رۆژی هەینی بڕیاریدا بە فەرمی دان بە سۆماڵیلاند وەک دەوڵەت بنێت. بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، سۆماڵیلاند وەک "وڵاتێکی سەربەخۆ و سەروەر" ناسێنراوە و ئیسرائیل یەکەم وڵاتە ئەو بڕیارەی داوە.
نەتەنیاهوو لە رێگەی سۆشیاڵ میدیاوە رایگەیاند، بە ئامادەبوونی وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی راگەیێندراوێکی هاوبەش لەگەڵ عەبدولڕەحمان محەممەد عەبدوڵڵا، سەرۆکی سۆماڵیلاند واژۆ کراوە.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەکرد، راگەیێندراوەکە لەگەڵ گیانی رێککەوتننامەی ئیبراهیم دەگونجێ و پیرۆزبایی لە عەبدولڕەحمان محەممەد عەبدوڵڵا کرد و گوتی: "ئیسرائیل، پلانی هەیە دەستبەجێ پەیوەندییەکانی لەگەڵ کۆماری سۆماڵیلاند لە رێگەی هاوئاهەنگیی فراوان لە بوارەکانی کشتوکاڵ، تەندروستی، تەکنەلۆژیا و ئابووری پەرەپێبدات."
تورکیا، میسر، سۆماڵ و جیبووتی سەرکۆنەی دەکەن
وەزارەتی دەرەوەی میسر لە راگەیێندراوێکدا گوتی، بەدر عەبدولعاتی، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە، پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا؛ عەبدولسەلام عەبدی عەلی، وەزیری دەرەوەی سۆماڵ و عەبدولقادر حوسێن عومەر، وەزیری دەرەوەی جیبووتی ئەنجامداوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، وەزیرەکان سەرکۆنەی دانپێدانانی ئیسرائیلیان بە سۆماڵیلاند کردووە و پشتگیریی خۆیان بۆ یەکێتی، سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سۆماڵ دووپاتکردووەتەوە؛ هەروەها، هەر کردەوەیەکی تاکلایەنە کە زیان بە سەروەریی سۆماڵ بگەیێنێت یان بناخەکانی سەقامگیری لە وڵاتەکەدا تێکبدات، سەرکۆنە کراوە.
لە راگەیێندراوەکەدا جەخت لە پشتگیریکردنی دامەزراوەکانی سۆماڵ کراوەتەوە و هەوڵەکان بۆ سەپاندنی "پێکهاتەی هاوتەریب کە دژی یەکێتیی وڵاتەکەن" سەرکۆنە کراون.
هاوکات هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا پەیوەندی تەلەفۆنی فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعودیە و ئەیمەن سەفەدی، وەزیری دەرەوەی ئوردن ئەنجامدا.
لە پەیوەندییەکاندا پێشهاتەکانی تایبەت بە سۆماڵ و دوایین دۆخی غەززە تاوتوێ کران.
لەلایەکی دیکەوە، بورهانەدین دوران، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا رایگەیاند، دانپێدانانی ئیسرائیل بە سەربەخۆیی سۆماڵیلاند، پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسای نێودەوڵەتییە.
دوران ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو هەنگاوە دەستوەردانە لە کاروباری نێوخۆی سۆماڵ و گوتی: "ئامانج لێی سەروەری و یەکپارچەیی خاکی وڵاتەکەیە. هەنگاوەکە هاوسەنگییە هەستیارەکانی ناوچەکە ئاڵۆزتر دەکات. ئەم هەنگاوە یەکێکە لە هەڵوێستە نابەرپرسانەکانی حکومەتی نەتەنیاهۆ کە زیان بە هەوڵەکانی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکە دەگەیێنێت."
ئۆنجو کەچەلی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، هەنگاوەکەی ئیسرائیل نموونەیەکی نوێی کردەوە نایاساییەکانی حکومەتی نەتەنیاهۆیە کە ئامانجی دروستکردنی نائارامییە لەسەر ئاستی هەرێمی و جیهانی.
کەچەلی ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو هەنگاوە دەستوەردانێکی ئاشکرایە لە کاروباری نێوخۆی سۆماڵ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ