ئیسرائیل لە قووڵایی لوبنانەوە لە حیزبوڵڵا دەدات؛ 'کۆگاکانی چەکمان خاپوورکرد'

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، زنجیرە هێرشێکی ورد و فراوانی بۆ سەر ئامانجەکانی حیزبوڵڵا لە قووڵایی خاکی لوبنان دا کردووە، کە بە تایبەتی کۆگاکانی چەک و نێوەندێکی راهێنانی سەربازیی کردووەتە ئامانج.
 
رۆژی هەینی، 26-12-2025، سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد، ئۆپەراسیۆنەکە لەسەر بنەمای زانیاریی هەواڵگریی ورد بووە و تێیدا "ژمارەیەک کۆگای هەڵگرتنی چەک، بنکەی فەرماندەیی و ژێرخانی تیرۆریستی کراونەتە ئامانج، کە حیزبوڵڵا بۆ پلاندانان دژی ئیسرائیل بەکاریهێناون."
 
لەلایەکی دیکەوە، ئاژانسی نیشتمانیی هەواڵی لوبنان رایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل "زنجیرە هێرشێکی ئاسمانیی چڕیان" کردووەتە سەر ناوچە شاخاوییەکانی قەزاکانی نەبەتیە و جەزین لە باشووری لوبنان.
 
ئەم هێرشانە لەکاتێکدایە، سەرەڕای ئاگربەستی تشرینی دووەمی 2024، ئیسرائیل هێزەکانی لە پێنج ناوچەی باشووری لوبنان هێشتووەتەوە کە بە "ناوچەی ئەمنیی ستراتیژی" دەیانزانێت.
 
بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی لوبنان، لەدوای ئاگربەستەکەوە، زیاتر لە 340 کەس بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون، کە تێیدا چەکدار و هاووڵاتیی سڤیل هەن.
 
هێرشەکانی رۆژی هەینی، دوای رۆژێک دێت لە کوژرانی ئەندامێکی باڵای فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران لەلایەن ئیسرائیلەوە لە نێو خاکی لوبنان.
 
سوپای ئیسرائیل هۆشداریدا کە "بە تووندی وەڵامی هەر هەڕەشەیەک دەداتەوە" و بەرپرسیارێتیی هەر گرژییەکیشی خستە ئەستۆی حکومەتی لوبنان.
 
لەژێر گوشاری ئەمریکادا، حکومەتی لوبنان پابەندبوونی خۆی بە چەکداماڵینی حیزبوڵڵا لە باشووری وڵات راگەیاندووە. سوپای لوبنان پلانی هەیە تاوەکو کۆتاییی ئەمساڵ پرۆسەی چەکداماڵین لە ناوچەکانی باشووری رووباری لیتانی (30 کیلۆمەتر لە سنووری ئیسرائیلەوە) تەواو بکات. لەبەرامبەردا، ئیسرائیل گومانی لە توانای سوپای لوبنان هەیە و حیزبوڵڵاش رەتیدەکاتەوە چەکەکانی رادەست بکات.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە