رووداو دیجیتاڵ
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند، جەنگ دژی ئێران ئامانجی جیاوازی هەیە و یەکێکیان رەخساندنی هەلومەرجە بۆ خەڵکی ئەو وڵاتە تاوەکو کۆتایی بە دەسەڵاتی ئەو وڵاتە بهێنن.
نەتەنیاهوو بەرگری لە هێرشە هاوبەشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران کرد و گوتی: "ئامانجێکی سێیەمم بۆ جەنگەکە زیاد کردووە، ئەویش رەخساندنی زەوینەیە بۆ خەڵکی ئێران تاوەکو ئەم رژێمە بڕووخێنن."
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش کرد کە دوو ئامانجەکەی دیکە وەک خۆیان ماونەتەوە، کە بریتین لە رێگریکردن لە ئێران بۆ پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی و تێکشکاندنی تواناکانی مووشەکی بالیستیی ئەو وڵاتە.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هەڕەشەیەکی ناڕاستەوخۆیشی ئاراستەی رێبەری نوێی باڵای ئێران کرد و رایگەیاند، ئێران دوای نزیکەی دوو هەفتە لە بۆردوومانی ئاسمانیی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل "وەک پێشتر نییە."
نەتەنیاهوو گوتی، سوپای پاسداران و هێزەکانی بەسیج گورزی جەرگبڕیان بەرکەوتووە و هێزە سەربازییەکانی ئێران بەهۆی ئەو هێرشانەوە بە شێوەیەکی بەرچاو لاواز بوون.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، نەتەنیاهوو باسی لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کرد و گوتی: "من نزیکەی هەموو رۆژێک لەگەڵ سەرۆک ترەمپ قسە دەکەم و گفتوگۆکانیشمان بە شێوەیەکی کراوە و راشکاون."
نەتەنیاهوو هاوپەیمانیی نێوان وڵاتەکەی و ئەمریکای بە "بێوێنە" ناوبرد.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رووی دەمی کردە خەڵکی ئێران و رایگەیاند، کاتی بەدەستهێنانی ئازادی "نزیک دەبێتەوە" و ئیسرائیل خەریکی رەخساندنی دۆخێکە تاوەکو ئێرانییەکان بتوانن ئەو "رژێمە ستەمکارە" لابدەن کە نزیکەی پەنجا ساڵە دەیانچەوسێنێتەوە.
نەتەنیاهوو گوتیشی: "ئێمە گورزی کوشندە سوپای پاسداران، بنکەکانیان، هێزەکانی سەر شەقام و بازگەکانیان دەدەین؛ هێشتا زۆریش ماوە کە ئەنجامی بدەین."
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل باسی لەوە کرد کە وڵاتەکەی خەریکی "داڕشتنەوەی" رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە و گوتی: "بەڵێنم پێدابوون کە هەموو رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە رووی دووژمن و دۆستەوە دەگۆڕین و ئیسرائیل لە هەمیشە بەهێزتر دەبێت. ئێستا هەمووان، چ دۆست و چ دووژمن، دان بەوەدا دەنێن."
لەبارەی لێدوانەکانی ترەمپ سەبارەت بە ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل، ناتانیاهۆ گوتی: "سەرۆک ترەمپ مافی خۆیەتی چی دەوێت بیڵێت، چونکە ئەوەی دەیڵێت لە دڵییەوەیەتی."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ