حووسییەکان: ئامادەی هەر پێشهاتێکین و لەم جەنگەدا لە پاڵ ئێران دەوەستین

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
 
رووداو دیجیتاڵ 

عەبدولمەلیک حووسی، رێبەری حووسییەکانی یەمەن دەڵێ، لەم جەنگەدا "بە تەواوی" لە پاڵ گەلی ئێران و ئێراندا دەوەستن و "ئامادەی هەر پێشهاتێکین؛" هەروەها رەخنەی تووند لەو وڵاتە عەرەبییانە دەگرێ کە رێگەیان بە ئەمریکا داوە بنکەی سەبازی لە خاکەکەیان بکاتەوە.
 
ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، عەبدولمەلیک حووسی، رێبەری بزووتنەوەی ئەنساروڵڵای یەمەن ناسراو بە حووسییەکان، گوتارێکی پێشکێش کرد و تێیدا تیشکی خستە سەر هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و دۆخی ئاڵۆزی ناوچەکە.
 
پشتیوانی بۆ ئێران و وەڵامدانەوەی هێرشەکان
عەبدولمەلیک حووسی گوتی: "جەخت دەکەینەوە کە لە پاڵ گەلی موسڵمانی ئێران و کۆماری ئیسلامیدا دەوەستین و ئامادەی هەر پێشهاتێکین لەم جەنگەدا."
 
عەبدولمەلیک حووسی ئاماژەی بەوە کرد کە ئامانجی بانگەشەبۆکراوی ئەمریکا و ئیسرائیل "لەم دەستدرێژییەدا" "گۆڕینی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست" و لەنێوبردنی کۆماری ئیسلامییە وەک هێزێکی گەورە "کە پارێزگاری لە ئوممەت دەکات".
 
رێبەری حووسییەکان دەڵێت: "کۆماری ئیسلامیی ئێران گەورەترین رێگرە لەبەردەم جێبەجێکردنی پیلانی زایۆنیزم بۆ دروستکردنی ئیسرائیلی گەورە و کۆنترۆڵکردنی ناوچەکە."
 
هەروەها داوا دەکات کە "ئوممەتی ئیسلامی دژی ئەم دەستدرێژییە بوەستێتەوە کە گەلی ئێران و تەواوی ناوچەکە دەکاتە ئامانج." 
 
عەبدولمەلیک حووسی پێیوایە "هێرشکردنە سەر کۆماری ئیسلامی، جەنگە دژی ئیسلام و موسڵمانان".
 
رەخنە لە وڵاتانی عەرەبی
سەرکردە شيعەکە کە هاوپەیمانی ئیرانە، رەخنە لە وڵاتانی کەنداو دەگرێ و دەڵێت: "هەڵوێستی نەرێنیی زۆر لە رژێمەکان گەیشتووەتە ئاستێک کە هەوڵ دەدەن بنکەکانی ئەمریکا لە وڵاتەکانیان بپارێزن. هەندێکیان دەیانەوێ بنکەکانی ئەمریکا بپارێزن تاوەکو لە وڵاتەکانیانەوە هێرش بکەن، بێ ئەوەی رێگە بدەن ئێران وەڵامیان بداتەوە."
 
دەشڵێت: "مافی کۆماری ئیسلامییە کە قبووڵی نەکات سەروەرییەکەی پێشێل بکرێ، چونکە ئەو بنکانەی لەو وڵاتانەدان، خەڵک لە ئێران دەکوژن و وێرانی دەکەن. زۆر جێگەی داخە کە هەندێک حکومەت داپۆشین بۆ بنکەکانی ئەمریکا دەکەن و دەیانپارێزن."
 
لەبارەی هێرشی گرووپە چەکدارەکانی عێراق بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە، عەبدولمەلیک حووسی رایگەیاند: "ئەوەی گرووپە ئیسلامییە موجاهیدەکان لە عێراق دەیکەن مافێکی رەوایە، چونکە ئەمریکا بە تەواوی سەروەریی عێراقی پێشێل کردووە. هەڵوێستەکانیان مەزنن و جێگەی ستایشن."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کێڵگەی نەوتیی شەیبە

سعودیە دوو درۆنی ئێرانی لە نزیک کێڵگەی نەوتیی شەیبە تێکشکاند

وەزارەتی بەرگریی سعودیە رایگەیاند، هێزە بەرگرییەکانیان توانیویانە دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو تێکبشکێنن کە بەرەو کێڵگەی نەوتیی (شەیبە) لە باشووری رۆژهەڵاتی وڵاتەکە دەفڕین. ئەمە دووەم رۆژە لەسەریەک ئەو کێڵگە ستراتیژییە دەکرێتە ئامانج.