رووداو دیجیتاڵ
چەند بەرپرسێکی سەربازیی ئیسرائیل شێوازی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکەی بەرەبەیانیی ئەمڕۆی سوپا و هەواڵگریی وڵاتەکەیان بۆ سەر ژمارەیەک پێگەی ئێران ئاشکرا دەکەن.
بەرپرسێکی سەربازیی ئیسرائیل دەڵێت، بەرەبەیانی ئەمڕۆ نزیکەی 200 فڕۆکە لە یەک کاتدا بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن لە ئیسرائیلەوە فڕین، ئامانجیشیان سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی، شوێنەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستی و ئەو مووشەکانە بوون کە ئامادەکرابوون ئاراستەی ئیسرائیل بکرێن.
بەرپرسەکە بە ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەتد پرێسی ئەمریکی گوت، دەیان دامەزراوەی راداری و مووشەکی زەوی بە ئاسمان تێکشکێندراون.
بە گوێرەی ئەسۆشیەتد پرێس، ئاژانسی هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد) بەشداریی کارای لە ئۆپەراسیۆنەکەدا هەبووە. بەرپرسانی ئەمنیی ئیسرائیل دەڵێن، مۆساد پێش هێرشەکانی رۆژی هەینی، چەکی بە قاچاخ بردووەتە نێو ئێران و بۆ کردنەئامانجی بەرگرییەکانی ئەو وڵاتە لەنێوخۆ بەکاریهێناوە.
دوو بەرپرسی ئەمنی رۆژی هەینی بە مەرجی ئاشکرانەکردنی ناویان ئەم زانیارییانەیان راگەیاند. ئەسۆشیەتد پرێس دەڵێت، ئەم زانیارییانە لە لایەن سەرچاوەی دیکەوە پشتڕاست نەکراونەتەوە.
ئەو بەرپرسانە گوتیان، بنکەیەک بۆ هەڵدانی درۆنی بۆمبڕێژکراو لەنێو ئێراندا دامەزراوە و لە کاتی هێرشەکەی رۆژی هەینیدا درۆنەکان کاراکراون بۆ کردنەئامانجی سەکۆکانی هەڵدانی مووشەک لە بنکەیەکی ئێران لە نزیک تاران.
ئەو دوو بەرپرسانە ئاماژەیان بەوەشکرد، ئیسرائیل چەکی وردپێکینی بە قاچاخ بردووەتە نێوەڕاستی ئێران و لە نزیک سیستمەکانی مووشەکی زەوی بە ئاسمان جێگیری کردوون.
بەرپرسە ئیسرائیلییەکان باس لەوەش دەکەن، ئەوان چەکی هێرشبردنیشیان لەسەر ئۆتۆمبێل دانابوو.
بە گوتەی بەرپرسەکان، هەردووکیان لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشەکاندا کارا کراون بۆ ئەوەی بەرگرییەکانی ئێران بکەنە ئامانج.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ