ئێران داوا دەکات ئەمریکا هەوڵەکانی بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانی لە ناوچەکە بوەستێنێت

13-07-2022
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-

رووداو-هەولێر

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بە سەردانەکەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ وڵاتانی ناوچەکە کرد و گوتی، دەبێت ئەمریکا واز لە پشتیوانیکردنی ئیسرائیل و پێکهێنانی هاوپەیمانی لەنێو وڵاتانی ناوچەکەدا بهێنێت.
 
بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 13.7.2022 ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا؛ باسی لە گوتەکانی یائیر لاپید، سەرۆکوەزیرانی نوێی ئیسرائیل لەبارەی دەستڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی کرد و گوتی؛ هەموو چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران لەژێر چاودێریی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمدایە و "رژێمی زایۆنی و داگیرکاری ئیسرائیل" ئەو پێگەیەی نییە لەسەر بابەتی ئەتۆمی ئێران قسە بکات و ئەو پێگەیە تەنیا بەهۆی پشتیوانیکردنەکانی ئەمریکاوە بەو رژێمە دراوە. 
 
ناسر کەنعانی باسی سەردانەکەی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل و سعودیە کرد و گوتی: "دەبێت ئەمریکا بزانێت لایەنگری لە هێزە چەکدارەکانی ناوچەکە کاردانەوەی دەبێت و دەبێ هەوڵەکانی بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانی لەنێو حکومەتەکانی ناوچەکە بوەستێنێت و رێز لە سەروەریی وڵاتانی ناوچەکە بگرێت. 
 
هەروەها ئاماژەی بە سەردانەکەی ڤیلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا و رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیاش کرد و گوتی: "لە رۆژانی داهاتوودا ژمارەیەک لە سەرۆکانی وڵاتانی ناوچەکە سەردانی ئێران دەکەن و پەرەی زیاتر بە پەیوەندییەکانی نێوانمان دەدەین."
 
دەقی قسەکانی ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران: 
 
"بەڕێز جۆ بایدن و بەرپرسانی باڵای ئەمریکی، بێگومان دەزانن روانگەی خەڵکی ناوچەکە سەبارەت بە سیاسەتی دەستێوەردانی ئەمریکا لە وڵاتاندا چییە. ئێستا خەریکە سەرۆکی ئەمریکا سەردانی ناوچەکە دەکات. دیارە بەڕێزیان لە گوتارێکدا باسی لە ئامانجی سەردانەکەی کردووە و دەڵێت: مەبەستی لەو سەردانە پتەوکردنی ئاشتی و ئاسایش، جێگیرکردنی سەقامگیری و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانە لە ناوچەکەدا. ئێمە زۆر هەوڵدەدەین گەشبین بین، بەڵام ئەگەر سەیری سیاسەتەکانی ئەمریکا لە جیهاندا بکەین، ئەو گوتانە جێی باوەڕ نین و سیاسەتەکانی ئەو وڵاتە لە کردەوەدا شتێکی دیکە بوون. پاڵپشتیکردن لە رژێمی زایۆنی و داگیرکەری ئیسرائیل لەماوەی زیاتر لە حەوت دەیەدا، ئەوەمان زیاتر بۆ ئاشکرا دەکات و سیاسەتی دەستێوەردانی ئەمریکا لە وڵاتانی ناوچەکەدا سیاسەتێکی نایاساییە، دەبێ ئەمریکا بزانێت ئەو سیاسەتانە کاردانەوەی دەبێت. دەبێ ئەمریکا واز لە پشتیوانیکردن لە ئیسرائیل و پێکهێنانی هاوپەیمانیی ئەمنی لەنێوان وڵاتانی ناوچەکە بهێنێت و رێز لە سەروەری و سەربەخۆیی وڵاتانی ناوچەکە بگرێت بۆ ئەوەی ئاسایش و ئاشتی بگەڕێتەوە بۆ ئەو وڵاتانە." 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە