نەتەوە یەکگرتووەکان: هەزار و 300 باڵەخانە لە غەززە وێران کراون

14-10-2023
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
نیشانەکردن حەماس ئیسرائیل فەلەستین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، زیاتر لە هەزار و 300 باڵەخانە و نزیکەی چوار هەزار خانوو لە کەرتی غەززە بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە وێران بوون. 

رۆژی شەممە، 14ـی تشرینی یەکەمی 2023، نووسینگەی کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "پێنج هەزار و 540 یەکەی نیشتەجێبوون لەو باڵەخانانە وێرانبوون و نزیکەی سێ هەزار و 750 خانووش بەشێوەیەک زیانیان بەرکەوتووە کە بە کەڵکی ژیان نەماون."
 
نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوەش دەکات، زیاتر لە 55 هەزار یەکەی نیشتەجێبوونی دیکە لە غەززە زیانیان بەرکەوتووە. 
 
چاوەڕوان دەکرێت زیانەکان لە کەرتی غەززە زیاتر ببن، بەتایبەت دوای ئەوەی سوپای ئیسرائیل داوای لە دانیشتوانی باکووری غەززە کرد کە بەرەو باشووری کەرتەکە بڕۆن و ئەگەری مەترسی هێرشی زەمینی بۆ سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتەکە هەیە.
 
نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوەش دەکات، بەهۆی بۆردوومانە بەردەوامەکانی سوپای ئیسرائیلەوە زیاتر لە 420 هەزار کەس ناچاربوون ماڵەکانی خۆیان لە غەززە جێبهێڵن.
 
نزیکەی 270 هەزار کەس لەوانەی کە ئاوارەبوون پەنایان بۆ ئەو قوتابخانانە بردووە کە نەتەوە یەکگرتووەکان لە غەززە دروستی کردوون و 27 هەزاری دیکەشیان لە قوتابخانەکانی فەلەستینییەکانن و دەیان هەزار کەسی دیکەش چوونەتە شوێنە گشتییەکانی دیکەی غەززە.
 
هەشت رۆژ بەسەر گرژی و هێرشەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل تێدەپەڕێت و تاوەکو ئێستا زیاتر لە سێ هەزار و 300 کەس لە هەردوولا کوژراون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ژمارەیەک سەربازی ئەمریکا

هەوڵەکان بۆ نێوەندگیری لە نێوان واشنتن و تاران چڕ دەبنەوە و ئەمریکا هێزی زیاتر دەنێرێت

تورکیا، میسر و پاکستان هەوڵەکانیان دەستپێکردووە بۆ رێکخستنی کۆبوونەوەیەک لەنێوان بەرپرسانی ئەمریکا و ئێران، بەڵام تاوەکو ئێستا هەڵوێستی هەردوولا زۆر لە یەکدی دوورە. پاکستان بە فەرمی پێشنیازی نێوەندگیریی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ کردووە و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە پشتگیری لەو پێشنیازە کردووە.