رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، کۆگەی سووتەمەنیی فڕۆکەیان لە فڕۆکەخانەی مەشهەد بۆردوومانکرد و دەیانەوێت بەسەر ئاسمانی ئەو وڵاتەدا زاڵبن.
رۆژی یەکشەممە، 15ی حوزەیرانی 2025، ناداڤ شۆشانی، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە ئێکس بڵاویکردەوە، "کۆگەی سووتەمەنیی فڕۆکەمان لە فرۆکەخانەی مەشهەد بۆردوومان کرد کە دوو هەزار و 300 کیلۆمەتر لە ئیسرائیلەوە دوورە". دەشڵێت، "دەمانەوێت بەسەر ئاسمانی ئێراندا زاڵبین".
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، بۆردوومانکردنی فڕۆکەخانەی مەشهەدی ئێران (کە 2,300 کیلۆمەتر مەودای لەگەڵ تەلئەڤیڤ هەیە)، دوورترین ئامانجە لە مێژوودا هێرشیان کردبێتە سەری. پێش ئەمە، دوورترین ئامانج بۆردوومانکردنی رێکخراوی ئازادیی فەلەستین بوو لە ساڵی 1985 لە تونس.
رۆژی هەینی، جەنگی ئیسرائیل و ئێران بە هێرشی تەلئەڤیڤ بۆ سەر ئەو وڵاتە دەستیپێکرد. ئەمڕۆش هەردوولا بەردەوامیان بە هێرشەکانیان بۆ سەر یەکدی دا.
بە گوێرەی بەرپرسانی ئیسرائیل، دەیانەوێت وێستگە ئەتۆمی و پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەی ئێران بۆردوومان بکەن، بۆ ئەوەی ئازادیش بن لەو کارە پێویستیان بە لاوازکردنی سیستەمی بەرگریی ئەو وڵاتەیە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاش رایگەیاند، ئەوان تاوەکو ئێستا بەشێک نین لە جەنگەکە بەڵام ئەگەری بەشداریکردنیشیان هەیە.
تاوەکو ئێستا هیچ وڵاتێک بە فەرمی نەچووەتە نێو جەنگی ئێران و ئیسرائیلەوە، بەڵام ژمارەیەک وڵات پاڵپشتی خۆیان بۆ ئیسرائیل و ژمارەیەکی دیکەش بۆ ئێران دەربڕیووە.
میدیای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، بەهۆی جەنگەکەوە حکومەتی وڵاتەکەیان پلانی دۆخی لەناکاوی تاوەکو 30 حوزەیران درێژکردەوە. رۆژی هەینی، یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، دۆخی لەناکاوی لە وڵاتەکەی راگەیاند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ