رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، دڵنیا نییە موجتەبا خامنەیی، رێبەری نوێی ئێران لە ژیاندا مابێت و ئاماژە بەوە دەکات، بەهۆی نادیاریی چارەنووسی سەرکردایەتیی تاران، نازانن لەگەڵ کێدا گفتوگۆ بکەن.
هاوکات رەخنەی تووند لە هاوپەیمانەکانی دەگرێت و دەڵێت: "40 ساڵە دەتانپارێزین، کەچی ئێستا ناتانەوێت تێوەبگلێن."
رۆژی دووشەممە، 16-03-2026، دۆناڵد ترەمپ لە کۆشکی سپی بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، واشنتن زانیاریی وردی نییە ئایا رێبەری نوێی تاران لە ژیاندا ماوە یان نا. ترەمپ گوتی: "نازانین مردووە یان زیندووە. زۆر کەس دەڵێن دەموچاوی بە تەواوی شێواوە، دەڵێن قاچێکی لەدەستداوە و زۆر بە خراپی بریندار بووە؛ هەندێکی دیکەش دەڵێن مردووە."
سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە، تاوەکو ئێستا کەس نییە بڵێت موجتەبا خامنەیی 100٪ تەندروستە، بەتایبەت کە لە دوای دەستنیشانکردنی وەک جێگرەوەی باوکی، هیچ لێدوانێکی نەداوە. ترەمپ گوتی: "ئێمە نازانین لە ئێراندا مامەڵە لەگەڵ کێدا دەکەین و نازانین رێبەرەکەیان کێیە."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ترەمپ رەخنەی لە وڵاتانی هاوپەیمانیی ئەمریکا گرت کە وەک پێویست هاوکار نین بۆ پاراستنی تەنگەی هورمز و گوتی: "بۆ ماوەی 40 ساڵە ئێمە دەیانپارێزین، کەچی ئێستا ناتانەوێت تێوەبگلێن." داواشی لە وڵاتان کرد بە خێرایی بەشداری لە ئەرکی پاراستنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان بکەن، ئاماژەی بەوەش کرد، کە پێیوایە تەنیا بەریتانیا لەو ئەرکەدا جیدییە.
ئەم لێدوانانەی ترەمپ لە کاتێکدا دێن، جەنگ پێی ناوەتە هەفتەی سێیەم و 97٪ـی جووڵەی کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز پەکیکەوتووە، ئەوەش نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی گەیاندە سەرووی 100 دۆلار. سەرەڕای ئەوەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە بڕیاریداوە 400 ملیۆن بەرمیل نەوتی یەدەگ بخاتە بازاڕەوە، بەڵام ترەمپ جەخت دەکاتەوە تاوەکو تاران بێ مەرج تەسلیم نەبێت، گوشارە سەربازییەکان بەردەوام دەبن.
سەرۆکی ئەمریکا ئاشکراشی کرد "کەسێکی دیکەی لە مێشکدایە" بۆ ئەوەی شوێنی خامنەیی بگرێتەوە، بەڵام وردەکاریی زیاتری لەو بارەیەوە نەدا. پێشتر تۆڕی میدیایی "سی ئێن ئێن" بڵاویکردبووەوە کە موجتەبا خامنەیی لە بۆردوومانەکانی تاراندا بە سەختی بریندار بووە، ئەوەش گومانەکانی لەسەر داهاتووی سیاسیی ئێران زیاتر کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ