رووداو دیجیتاڵ
سکرتێری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان رایدەگەیێنێت، هێزەکانیان لە مەیدان دەمێننەوە و وەڵامی هەر پێشێلکارییەکی ئیسرائیل دەدەنەوە. هەروەها دەڵێت، داخستنی تەنگەی هورمز لەلایەن ئێرانەوە، وایکرد ئەمریکا و ئیسرائیل ناچار بن بە ئاگربەست.
رۆژی شەممە 18-4-2026، نەعیم قاسم، سکرتێری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان لە گوتارێکدا رایگەیاند: "ئاگربەست تەنیا لەلایەن موقاوەمەوە نییە، بەڵکو دەبێت هەردوولا پێوەی پابەند بن." راشیگەیاند، رێگری لە هەر پێشێلکارییەکی سوپای ئیسرائیل دەکەن.
نەعیم قاسم ئاماژەی بە رۆڵی ئێران کرد لە گوشار خستنە سەر ئیسرائیل و گوتی: "دوای ئەوەی ئێران تەنگەی هورمزی داخست، ئەمریکا چۆکی دادا و ئیسرائیلی ناچار کرد بە ئاگربەست." هەروەها دەڵێت، ئەگەر خۆڕاگریی چەکدارەکانیان نەبووایە، ئاگربەستی کاتی نەدەهاتە دی.
سەبارەت بە دۆخی ناوخۆی لوبنانیش، سکرتێری گشتیی حیزبوڵڵا رایگەیاند، ئامادەن بۆ هاوکاری لەگەڵ دەسەڵاتی وڵاتەکەیان بۆ دەستپێکردنی قۆناخێکی نوێ، کە لەسەر بنەمای پاراستنی سەروەریی نیشتمانی و رێگری لە ئاژاوەگێڕی بێت.
نەعیم قاسم جەختی کردەوە کە دەبێت هێرشەکان لە هەموو لوبنان بە شێوەیەکی هەمیشەیی رابگیرێن، هەروەها سوپای ئیسرائیل دەبێت لە هەموو ناوچە داگیرکراوەکان پاشەکشە بکات تاوەکو دەگاتەوە سەر سنوورەکان.
ئەمە لە کاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بەرەبەیانی رۆژی شەممە بە کاتی واشنتن، کۆبوونەوەیەکی بەپەلە و نائاسایی لە "ژووری بارودۆخە نائاساییەکان" لە کۆشکی سپی ئەنجامدا.
رۆژی شەممە 18-4-2026، دوو بەرپرسی باڵای ئەمریکا بە ئاژانسی "ئاکسیۆس"ـیان راگەیاند، کۆبوونەوەکە بە بەشداریی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆک؛ مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوە؛ پیت هێگسێس، وەزیری جەنگ و سکۆت بێسێنت، وەزیری خەزێنە بەڕێوەچووە. هەروەها سوزی وایڵز، سەرۆکی دیوانی کۆشکی سپی؛ جۆن راتکلیف، بەڕێوەبەری سی ئای ئەی و جەنەراڵ دان کەین، سوپاسالاری ئەمریکا ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون.
بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا لەبارەی کۆبوونەوەکە بۆ ئاژانسەکە دواوە و هۆشداریی دا: "ئەگەر بەمزووانە وەرچەرخانێکی دیپلۆماسی روونەدات، ئەوا جەنگەکە لە رۆژانی داهاتوودا دەستپێدەکاتەوە."
ئەم کۆبوونەوەیە دوای ئەوە دێت کە تاران، کەمتر لە 24 کاژێر دوای گەشبینییەکانی ترەمپ بۆ گەیشتن بە رێککەوتن، جارێکی دیکە داخرانی تەنگەی هورمزی راگەیاندەوە و هێرشی کردە سەر چەند کەشتییەکی بازرگانی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ