رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئێران سوپاسی هەڵوێستی عێراق دەکات سەبارەت بە ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییانەی وڵاتەکەی و دەشڵێت، لەگەڵ عێراق تێگەیشتنێکی هاوبەشیان بۆ بەرژەوەندییەکانیان و بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییە ئەمنییەکان هەیە.
دوو رۆژە فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە تارانە و لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانی کۆدەبێتەوە. ئەمڕۆ یەکشەممە 18-01-2026، لە کۆنفرانسێکی هاوبەشدا لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا جەختیان لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵات کردەوە.
عەباس عێراقچی رایگەیاند: ''هاوڕێیانی عێراقیمان پیشانیان داوە کە لە رێگەی پەرەپێدانی توانا سیاسییەکان و دیپلۆماسییەوە، دەتوانن رۆڵی ئەرێنی لەپێناو لێکنزیکترکردنەوەی بۆچوونەکان و چارەسەرکردنی ئاڵنگارییەکانی ناوچەکە بگێڕن. ئێمەش لەوبارەوە ئامادەیی هاوکاری و کاری هاوبەشمان هەیە.''
سەردانەکە لەکاتێکدا کراوە، کە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە ئاڵۆزییەکی قووڵدا تێدەپەڕێت. بەگوتەی وەزیری دەرەوەی ئێران، لە کۆبوونەوەکەیاندا لەگەڵ فوئاد حوسێن، باسی کۆمەڵێک پێشنیاز کراوە کە ''دەکرێ لەنێوان هەردوو وڵات لەڕووی سیاسی و دیپلۆماسییەوە، لەپێناو پێشڤەچوونی ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە دابڕێژرێن.''
عەباس عێراقچی ئاماژەی بەوەش کرد، وڵاتەکەی و عێراق تێگەیشتنێکی هاوبەشیان بۆ بەرژەوەندییەکان، هاوئاهەنگی و بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییە ئەمنییەکان هەیە و سەرقاڵی کاری هاوبەشن بۆ گەیشتن بە رێککەوتننامەیەکی گشتگیری هاوکاریی ستراتیژیی دوولایەنە.
لە بەشێکی قسەکانیدا، وەزیری دەرەوەی ئێران باسی لە چۆڵکردنی بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد کرد لەلایەن هاوپەیمانانەوە و گوتی، ''چۆڵکردنی بنکەی عەین ئەسەد لە هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا و رادەستکردنی بە هێزە عێراقییەکان، نیشانەیەکی دیکەی بەهێزکردنی سەربەخۆیی، سەقامگیری و سەروەریی سیاسییە لە عێراق و، ئێمە زۆر بەوە دڵخۆشین.''
عەباس عێراقچی ئەوەشی خستەڕوو، ئێران خوازیاری عێراقێکی سەقامگیر، سەربەخۆ و خاوەن سەروەرییەکی سیاسیی بەهێزە و ''پێمانوایە عێراق توانای پێویستی بۆ گەیشتن بەم پێگەیە و یارمەتیدانی پاراستنی ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە هەیە.''
وەک وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، لەگەڵ هاوتا عێراقییەکەی باسیان لە هەندێک هاوکاریی ئابووریی نێوان دوو وڵاتەکە و پێویستیی پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوانیان کردووە.
21 رۆژە خۆپێشاندان و ناڕەزایی لە ئێران بەردەوامە کە بەهۆی گرانی و دابەزینی نرخی تمەن لە تارانەوە دەستیپێکرد و دواتر سەرجەم پارێزگاکانی گرتەوە. عەباس عێراقچی گوتی، لەبارەی رووداوەکانی ئەم دواییانەی ئێران شیکردنەوەیەکی چڕوپڕم [بۆ فوئاد حوسێن] خستەڕوو. ئێمە سوپاسی هەڵوێستی وڵاتی عێراق لە پاڵپشتی و هاوپەیوەندیی خەڵکی ئێران دەکەین و دڵخۆشین کە پەیوەندیی نێوان دوو وڵات بەرەو ئاراستەیەکی زۆر باش دەڕوات.''
بەگوێرەی ئامارەکانی ئاژانسی چالاکڤانانی مافی مرۆڤی ئێران (هرانا) تاوەکو ئێوارەی دوێنێ شەممە، سێ هەزار و 308 کەس لە خۆپێشاندانەکاندا کوژراون ئەمریکاش چەندین جار هەڕەشەی لە بەرپرسانی ئێرانی کردووە کە ئەگەر تەقە لە خۆپێشاندەران بکرێ، ئەوە بە تووندی لێیان دەدەن.
15ـی کانوونی دووەم، هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی کە لە 13 لایەنی شیعەی عێراق پێکهاتووە لە راگەیێندراوێکدا بە "رەهایی" بەکارهێنانی خاکی عێراقی بۆ هێرشکردنە سەر هەر وڵاتێک، بەتایبەتی ئێران رەتکردەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ