رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئێران رایدەگەیێنێت، لە قۆناخێکی نوێی هێرشە درۆنییەکانیان دا، چەند "ئامانجێکی ستراتیژی"یان لەنێو ئیسرائیل پێکاوە، لەوانە فڕۆکە سووتەمەنیهێنەرەکان لە فڕۆکەخانەی بن گۆریۆن و باڵەخانەی وەزارەتی ئاسایشی نیشتمانی.
پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای ئێران لە بەیاننامەی ژمارە 36ـدا رایگەیاند، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هەینی، هێرشێکی بەرفراوانی درۆنی کراوەتە سەر شوێنی جێگیربوونی فڕۆکە سووتەمەنیهێنەرە ستراتیژییەکانی ئیسرائیل لە فڕۆکەخانەی بن گۆریۆن، باڵەخانەی وەزارەتی ئاسایشی نیشتمانی لە قودس و بارەگای کەناڵی 13ـی ئیسرائیلی لە تەلئەڤیڤ.
بەگوێرەی ڕاگەیێندراوەکەی سوپای ئێران، ئەو فڕۆکە سووتەمەنیهێنەرانەی لە فڕۆکەخانەی بن گۆریۆن کراونەتە ئامانج، "رۆڵی سەرەکییان هەبووە لە پشتگیریکردنی هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر ئێران و بەرەی بەرگری."
هەروەها سوپای ئێران، وەزارەتی ئاسایشی نیشتمانیی ئیسرائیلی وەک "دڵی بەڕێوەبردنی قەیرانەکانی ئەو وڵاتە" وەسف کردووە و کەناڵی 13ـی ئیسرائیلیشی بەوە تۆمەتبار کردووە کە "باڵێکی شەڕی دەروونییە دژی ئێران" و وەک بڵندگۆیەک بۆ سپیکردنەوەی تاوانەکان بەکاردەهێنرێت.
جگە لە سوپای ئێران (ئەرتەش)، سوپای پاسدارانی ئێرانیش پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی راگەیاند لە تۆڵەی کوژرانی عەلی محەممەد نائینی، شەپۆلی 67ەمینی هێرشەکانیان بە درۆن و مووشەکی بالیستی بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە و ئیسرائیل دەستپێکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ