رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسدارانی ئێران دەڵێ، هێرشیکردوەتە سەر پاڵاوگەى نەوتى حەیفا لە ئیسرائیل و بەو هۆیەوە ئاگر لە دامەزراوەکە کەوتووەتەوە.
ئەم ئێوارەیە بەشی پەیوەندییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران بڵاویکردەوە، بە مووشەکی جۆری نەسروڵڵا، کە جۆرێکی پێشکەوتووی مووشەکی قەدیرە، هێرشەکەی ئەنجام داوە.
هاوکات میدیاى ئیسرائیل بڵاویکردەوە، پاڵاوگەى نەوتى (بازان) لە شارى حەیفا کەوتووەتە بەر هێرشى مووشەکیى ئێران.
بەپێی میدیای ئیسرائیلی، چەندین ئۆتۆمبێل لەنێو دامەزراوەکەدا گڕیان گرتووە و زیان بە ژێرخانى پاڵاوگەکەش گەیشتووە. بەرپرسانى ئیسرائیلیش گوتیان، هیچ زیانێکى گیانى تۆمارنەکراوە و مەترسیى دزەکردنى مادەی مەترسیدار و ژەهراویش لە ئارادا نییە.
میدیای ئێران باس لەوە دەکات، ئەم هێرشە وەڵامێک بووە بۆ ئەو بۆردوومانەى دوێنێ ئیسرائیل کردییە سەر کێڵگەى گازی (پارس)ى باشوور لە ئێران.
هاوکات ئیلى کۆهین، وەزیرى وزەى ئیسرائیل رایگەیاند، هێرشەکە کاریگەرى لەسەر تۆڕى کارەباى هەندێک ناوچە هەبووە، بەڵام تیمەکان کاردەکەن و بەمزووانە کارەبا بۆ ئەو شوێنانە دەگەڕێندرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ