رووداو دیجیتاڵ
ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا رایگەیاند، بۆ سازکردنی یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی وڵاتەکەی، چاوەڕێی ئاساییبوونەوەی بارودۆخی باکووری رۆژهەڵاتی سووریایان کردووە؛ دەشڵێت: "بودجەی 2026 دەگاتە زیاتر لە 10 ملیار دۆلار."
ئەو گوتانەی ئەحمەد شەرع لە کاتی پێشوازیکردنی بوو لە ژمارەیەک لە ئەندامانی پەرلەمانی وڵاتەکەی، کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 20ی ئادار بە بۆنەی یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزانەوە سەردانیان کردبوو.
ئەحمەد شەرع رایگەیاند: "ئەندامانی پەرلەمانی سووریا، بەرپرسیارێتییەکی گەورەیان لەسەر شانە، کە یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەمانە." گوتیشی: "ئێمە پێمان باش بوو کە کێشەکان لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا کۆتایییان بێت و برایانتان لە پارێزگاکانی دێرەزوور و رەقە و حەسەکە پەیوەندیتان پێوە بکەن و بەشدار بن لە یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی گەل."
لە 5ی تشرینی یەکەمی 2025 هەڵبژاردنی پەرلەمانی سووریا دەستیپێکرد، لە رێگەی دیاریکردنی ئەندامەکانى کە 210 کەسن؛ نوێنەرانی ئەو پەرلەمانە لەو ناوچانە دیاری نەکران، کە ئەو کات لەژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەردا بوون.
سەرۆککۆماری سووریا گوتی: "پشت بە خوا رێکارەکان لە دوای چوونی دەوڵەت بۆ ناوچەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا دەستپێکراون؛ لیژنەمان ناردووە بۆ ئەو ناوچانە بۆ ئەوەی هەڵبژاردن دەستپێبکەن، تاوەکو لە نزیکترین کاتدا کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی گەل بکرێت."
بەشێکی دیکەی قسەکانی ئەحمەد شەرع سەبارەت بە دۆخی ئابووریی سووریا و خەرجیی وڵاتەکە بوو.
سەرۆککۆماری سووریا رایگەیاند: کۆی بەرهەمی ناوخۆیی سووریا لە ساڵی 2010 گەیشتبووە 60 ملیار دۆلار، دواتر کەم بووەوە و خەرجیی حکومی لە ساڵی 2024دا دوو ملیار دۆلار بووە؛ لە ساڵی 2025دا بەرهەمی گشتیی ناوخۆیی گەیشتە نزیکەی 32 ملیار دۆلار و خەرجی گەیشتە سێ ملیار و 500 ملیۆن دۆلار و نیو، بۆ یەکەمجاریش لە سووریا پارەی زیادە لە بودجەدا هەبووە و بودجەی 2026 دەگاتە 10 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار.
بە گوتەی ئەحمەد شەرع، سندووقێک بۆ بونیاتنانەوەی ژێرخان دادەنێن، کە بڕی پارەکەی لانیکەم سێ ملیار دۆلار دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ