رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی خاتەمولئەنبیای سەر بە هێزە چەکدارەکانی ئێران رایگەیاند: هەر ژێرخانێکی ئەمریکا و ئیسرائیل بکەینە ئامانج، بە فەرمی بەرپرسیارێتییەکەی رادەگەیێنن و گوتیشی: "رژێمی زایۆنی بەنیازە هێرش بکاتە سەر ژێرخانەکانی وزە لە ناوچەکەدا، لە نێویشیاندا دامەزراوەکانی کۆمپانیای ئارامکۆ."
هەینی، 20.03.2026، ئیبراهیم زولفەقاری، هۆشداری دایە ئەمریکا و ئیسرائیل و رایگەیاند، هێزە چەکدارەکانی ئێران هەموو ئەو ژێرخانانەی سەر بەو دوو وڵاتەن دەکەنە ئامانج و بە فەرمیش بەرپرسیارێتییەکەی دەگرنە ئەستۆ.
زولفەقاری، دووپاتی کردەوە کە "هێزە چەکدارەکانی ئێران هەموو ئەو ژێرخانانەی کە سەر بە ئەمریکا و رژێمی زایۆنین، دەکەنە ئامانج و بەرپرسیارێتییەکەشی بە فەرمی رادەگەیێنن."
گوتەبێژی خاتەمولئەنبیا ئاماژەی بەوەش کرد، بەپێی ئەو زانیارییانەی پێیان گەیشتووە، "رژێمی زایۆنی بەنیازە هێرش بکاتە سەر ژێرخانەکانی وزە لە ناوچەکەدا، لە نێویشیاندا دامەزراوەکانی کۆمپانیای ئارامکۆ."
بە گوتەی زولفەقاری، ئامانجی ئیسرائیل لەم هەنگاوە "تۆمەتبارکردنی ئێران و نانەوەی ئاژاوەیە لە نێوان وڵاتانی ناوچەکەدا."
ئەم لێدوانانەی گوتەبێژی خاتەمولئەنبیا لەکاتێکدایە، گرژییەکان لە ناوچەکە بەردەوامن و هۆشداریی لە پەرەسەندنی زیاتری ئاڵۆزییەکان دەدرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ