رووداو دیجیتاڵ
پێنتاگۆن فەرمانی بە رەوانەکردنی سێ کەشتیی جەنگی و دوو هەزار و 200 سەربازی مارێنز بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا.
بەپێی راپۆرتە میدیاییەکان، سێ کەشتیی جەنگیی ئەمریکا کە دوو هەزار و 200 سەربازی یەکەی 31ـی مارێنزیان هەڵگرتووە، هەفتەی داهاتوو دەگەنە ناوچەکە.
کەشتیی سەرەکیی ئەم هێزە بریتییە لە (USS Tripoli)، کە یەکێکە لە پێشکەوتووترین کەشتییەکانی هێرشبەری ئەمریکا و وەک "فرۆکەهەڵگرێکی بچووک" کار دەکات. ئەم کەشتییە فڕۆکەی جەنگیی پێشکەوتووی جۆری (ئێف 35 بی) و فڕۆکەی (ئۆسپرێی) هەڵگرتووە کە توانای هێرشی خێرا و ئۆپەراسیۆنی وشکانییان هەیە.
بەرپرسانی سەربازی دەڵێن، ئەم هێزە نوێیانە بژاردەی زیاتر دەدەنە دەست دۆناڵد ترەمپ بۆ پاراستنی هاتوچۆی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان. چاودێران ئاماژە بە روودانی دوو ئەگەر دەکەن:
پاراستنی کەناراوەکان: جێگیرکردنی مارێنز لە سەر کەناراوەکانی ئێران یان دوورگەکانی ناو کەنداو بۆ رێگریکردن لە چاندنی مینی دەریایی لە لایەن تارانەوە.
کۆنتڕۆڵکردنی دوورگەی خارگ: شارەزایان دەڵێن لەبری وێرانکردنی تەواوەتیی ژێرخانی نەوتی ئێران لەو دوورگەیە (کە ساڵانێکی زۆری دەوێت بۆ بنیادنانەوە)، باشترین بژاردە بۆ واشنتن کۆنتڕۆڵکردنیەتی لەرێگەی هێزی وشکانییەوە.
جەنگەکە کە لە سەرەتاوە تەنیا لەرێگەی بۆردومانی دوورمەوداوە بوو، ئێستا بەرەو رووبەڕووبوونەوەی نزیکتر دەچێت:
هێلیکۆپتەری ئاپاچی: جەنەڕاڵ دان کەین، سوپاسالاری هێزە هاوبەشەکانی ئەمریکا رایگەیاند، هێلیکۆپتەرە هێرشبەرەکانی (ئاپاچی) چوونەتە ناو شەڕەکە و لە میلیشیاکانی نزیک لە ئێران لە ناو خاکی عێراق دەدەن.
مووشەکی ورد: بۆ یەکەمجار لە مێژووی جەنگەکاندا، سوپای ئەمریکا مووشەکی (هێرشی ورد)ـی ناسراو بە (پریزم) بەکارهێناوە بۆ پێکانی ئامانجە وشکانییەکان و کەشتییە جەنگییەکانی ئێران لە ناو بەندەرەکاندا.
دۆناڵد ترەمپ رۆژی پێنجشەممە 19-03-2026 گوتی: "من سەرباز لە هیچ شوێنێک جێگیر ناکەم،" بەڵام گوتیشی ئەگەر کارێکی وا بکات، بە میدیای راناگەیەنێت. ئەم لێدوانە تەمومژاوییەی ترەمپ لە کاتێکدایە کە پێنتاگۆن داوای بودجەیەکی 200 ملیار دۆلاریی زیادە دەکات بۆ پڕکردنەوەی تێچووەکانی جەنگی ئێران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ