رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی بینینی مانگ لە سعودیە رایگەیاند، سبەی هەینی، 21-04-2023، یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزانە. هاوکات ژمارەیەک وڵاتی دیکە بەشێوەیەکی فەرمی رۆژی شەممەیان وەک یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزان دیاریکرد.
رۆژی پێنجشەممە، 20ـی نیسانی 2023، هەریەکە لە وڵاتانی زۆرینە موسوڵمان مالیزیا، ئیندۆنیزیا و برونەی رایانگەیاند، رۆژی شەممە 22ـی نیسان، یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزانە. جگە لەوانەش هەریەکە لە ئوسترالیا، تایلاند، ژاپۆن، فلیپین و ژمارەیەک وڵاتی دیکەش رۆژی شەممەیان بە یەکەم رۆژی جەژن دیاریکرد.
لیژنەی بینینی مانگ لە گڵەزەردەی سلێمانی چاودێریی مانگیان کرد، بەڵام رایانگەیاند، هەور بوو، بۆیە مانگیان نەبینی و نازانن سبەی هەینی جەژنە یان نا.
دیاریکردنی جەژنی رەمەزان بە هەمان شێوەی دیاریکردنی یەکەم رۆژی رەمەزان، بەگوێرەی وڵاتە سوننە مەزهەب و شیعە مەزهەبەکان دەگۆڕێت.
پێشتر رۆژی 18ـی نیسان، ماجد ئەبو زاهرە، سەرۆکی کۆمەڵەی فەلەکناسیی جەدەی سعودیە لەبارەی یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزانەوە رایگەیاندبوو، "بەپێی لێکدانەوەی ژمارە فەلەکییەکان، رۆژی 29ـی رەمەزان کە دەکاتە 20ـی نیسانی 2023، مانگ کاژێر 7:12 بەکاتی مەککە دەگاتە دۆخی بەیەکگەیشتن بە مانگی شەوال و رۆژی هەینی 21ـی مانگ بینینی مانگ بە چاو زۆر روون دەبێت، چونکە ئاسمان ساماڵە"، بەو لێکدانەوەیەش بێت، رۆژی هەینی یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزانی ئەمساڵی کۆچیی 1444ـە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ