رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا رۆژی چوارشەممە تەواوکەریی مانگی شەعبان بێت و رۆژی پێنجشەممە 23-03-2023 یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان بێت.
رۆژی سێشەممە 21-03-2023، لیژنەی بینینی مانگ لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان بۆ دیاریکردنی یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان کۆبووەوە.
وەک لیژنەکە دەڵێت، "بەپشت بەستن بە بەڵگە شەرعییەکانی بینینی مانگ و هاوئاهەنگیمان لەگەڵ لیژنە لاوەکییەکانمان بۆ چاودێریکردنی بینینی مانگ لەسەر ئاستی هەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و ئیدارە سەربەخۆکان لەبەر نەبوونی بەڵگەی شەرعی پێویست دەرکەوتووە کە مانگ لە ئاسمانی هەرێمی کوردستان نەبینراوە."
چاودێریکردنی مانگ لە هەرێمی کوردستان، بەگوتەی نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، "بە هەردوو شێوازی کلاسیکی و کۆنەکە واتە لە رێگەی چاوەوە و لە رێگەی تلیسکۆبیشەوە دەبێت، بەنموونە لە چیای گڵەزەردە لە سلێمانی و چیای زاوا لە دهۆک و چیا بەرزەکانی ناوچەی حاجی ئۆمەران و چۆمانەوە بەچاو چاودێریی مانگ دەکرێت."
رۆژی چوارشەممە 22-03-2023، بەگوتەی لیژنەی بینینی مانگ لە وەزارەتی ئەوقاف، "تەواوکەری مانگی شەعبان دەبێت و رۆژی پێنجشەممە 23-03-2023 یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان دەبێت."
ئەمە لەکاتێکدایە، پێشتر سعودیەش بەهەمان شێوە بڕیاریدا بوو، رۆژی پێنجشەممە یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان بێت.
عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق، رۆژی پێنجشەممە 23-03-2023ی وەکو یەکەم رۆژی رەمەزان دیاریکردووە، هەروەها وەقفی سوننەی عێراق ئیمساکییەی مانگی رەمەزانی بڵاوکردووەتەوە، بەگوێرەی ئیمساکییەکە رۆژی پێنجشەممە یەکەم رۆژی مانگی رەمەزانە.
رۆژی شەممە، لیژنەی بینینی مانگ لە ئێران بڕیاریدا رۆژی پێنجشەممە یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان بێت لەو وڵاتەدا.
ساڵی رابردوو، لیژنەی بینینی مانگ لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان رۆژی 1ـی نیسانی 2022 کۆبووەوە و رۆژی 2ـی نیسانی 2022ـی بە یەکەم رۆژی رەمەزانی ساڵی 1443ـی کۆچی دیاریکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ