لە 24 کاژێری رابردوودا 20 کەسی دیکە لە لوبنان کوژران و کۆی کوژراوان هەزار کەسی تێپەڕاند

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
عەلی زەڵمی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچە جیاجیاکانی لوبنان لە 24 کاژێری رابردوودا، لانیکەم 20 کەس کوژراون و 57 کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
بە تۆمارکردنی ئەم قوربانییە نوێیانە، ژمارەی ئەو کەسانەی لە سەرەتای دەستپێکردنی گرژییەکان لە 2ی ئاداری ئەم ساڵەوە گیانیان لەدەستداوە، گەیشتە هەزار و 21 کەس، هەروەها دوو هەزار و 641 کەسیش بریندار بوون.
 
هاوکات لەگەڵ بەردەوامیی هێرشە ئاسمانییەکان کە بوونەتە هۆی ئەوەی خەڵکێکی زۆر ماڵ و حاڵی خۆیان جێبهێڵن، ئاماری ئاوارەبوون بە خێرایی روو لە هەڵکشانە. ئامارەکان دەریدەخەن کە تاوەکو ئێستا 134 هەزار و 616 ئاوارە لە 644 ناوەندی جیاواز لە سەرانسەری وڵاتدا نیشتەجێ کراون.
 
بەهۆی بەردەوامیی بۆردوومانەکان و تێکچوونی دۆخی مرۆیی، گوشارێکی زۆر لەسەر ناوەندەکانی حەواندنەوەی ئاوارەکان دروستبووە و گەیاندنی هاوکارییەکان تووشی ئاستەنگ بووە.
 
حیزبوڵڵای لوبنان لە 2ی ئاداری ئەم ساڵەوە دەستی بە هاویشتنی مووشەک لە باشووری لوبنانەوە بۆ سەر ئیسرائیل کرد، ئەوەش بۆ یەکەمجار بوو لە دوای ئاگربەستەکەی 27ی تشرینی دووەمی 2024. ئەم هەنگاوەی حیزبوڵڵا وای کرد ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی چڕ بۆ سەر چەندین ناوچەی جیاوازی لوبنان دەستپێبکات.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە