رووداو دیجیتاڵ
چەند بەرپرسێکی ئاگادار دەڵێن، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ خەریکی داڕشتنی پلان و تاوتوێکردنی بژاردەکانە بۆ دەستبەسەرداگرتن و بردنە دەرەوەی مادە ئەتۆمییەکانی ئێران. ئەمەش لە کاتێکدایە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ تاران پێدەنێتە قۆناخێکی نادیارەوە.
بەکارهێنانی هێزە بژاردەکان
دوو سەرچاوە بە تۆڕی هەواڵیی CBSیان راگەیاندووە، پلاندانانەکە زیاتر لەسەر ئەگەری بەکارهێنانی هێزەکانی "فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە تایبەتە هاوبەشەکان" چڕبووەتەوە،کە یەکەیەکی بژاردەی سەربازییە و زۆرجار ئەرکی زۆر هەستیاری وەک بەرەنگاربوونەوەی بڵاوبوونەوەی چەکی کۆکوژی پێ دەسپێردرێ.
هێشتا کاتی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی لەو شێوەیە دیار نییە و سەرچاوەیەک ئاماژەی بەوە کرد، دۆناڵد ترەمپ هێشتا بڕیاری کۆتایی نەداوە. گوتەبێژێکی کۆشکی سپیش گوتی، ئەرکی پێنتاگۆنە ئامادەکارییەکان بکات، بەڵام پێنتاگۆن تاوەکو ئێستا هیچ لێدوانێکی فەرمی نەداوە.
پەیامەکەی ترەمپ و گۆڕانی ستراتیژی
ئەم هەواڵە لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ ئێوارەی رۆژی هەینی لە ترووس سۆشیاڵ نووسی: "ئێمە زۆر لە بەدیهێنانی ئامانجەکانمان نزیکبووینەتەوە و خەریکی تاوتوێکردنی کۆتاییهێنان بە هەوڵە سەربازییە گەورەکانمانین لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست سەبارەت بە ئێران."
لە سەرەتای جەنگەکەدا، هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل زیاتر لەسەر لاوازکردنی توانای سەربازیی ئێران (بەرگریی ئاسمانی، سیستمی مووشەکی و ژێرخانی سوپای پاسداران) چڕبوونەوە. بەڵام ئێستا ئیدارەی ترەمپ سەرنجی خستووەتە سەر ئامانجێکی درێژخایەنتر، ئەویش دڵنیابوونەوە لەوەی کە ئێران چی دیکە توانای بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی نەبێت.
ئاستەنگەکانی بەردەم دەرهێنانی یۆرانیۆم
بەگوێرەی ئامارەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، تاوەکو هاوینی رابردوو ئێران نزیکەی 972 پاوەند یۆرانیۆمی پیتێنراوی بە رێژەی 60٪ هەبوو، کە تەنیا هەنگاوێکی کەم دوورە لە پیتاندن بۆ ئاستی چەک. زۆربەی ئەم یۆرانیۆمە لەو پێگە ئەتۆمییانەدایە کە هاوینی رابردوو لە ئۆپەراسیۆنێکی ئەمریکادا بۆردوومان کران.
رافائێل گڕۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دەڵێ، هەر هەوڵێک بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئەو یۆرانیۆمە زۆر پڕمەترسی دەبێت. گرۆسی گوتی: "ناڵێم ئەستەمە، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئۆپەراسیۆنێکی زۆر پڕ لە ئاستەنگ دەبێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ