رووداو - هەولێر
سەرۆکی گشتیی کاروباری مزگەوتەکانی مەککە و مەدینە لە سعودیە رایگەیاند، گوتاری ئەمساڵی جەژنی رەمەزان بەبێ نوێژکەران پێشکەش دەکرێت.
عەبدولرەحمان سودەیس، سەرۆکی گشتیی کاروباری مزگەوتەکانی مەککە و مەدینە رایگەیاند، شا سەلمان، شای سعودیە رەزامەندیی دەربڕیوە لەسەر ئەوەی نوێژی ئەمساڵی جەژنی رەمەزان لە هەردوو مزگەوتی پیرۆزی مەککە و مەدینە بەبێ بەشداریی نوێژکەران بکرێن.
سەرۆکی گشتیی کاروباری مزگەوتەکانی مەککە و مەدینە ئاماژەی بەوە دا، ئامانج لە بڕیارەکە پاراستنی گیانی موسڵمانانە لە تووشبوون بە نەخۆشی ڤایرۆسی کۆرۆنا.
وەزارەتی کاروباری ئیسلامیی سعودییەش لە راگەیێندراوێکیدا قەدەخەکردنی نوێژی جەژنی رەمەزانی لە سەرجەم مزگەوتەکانی سەرانسەری وڵات راگەیاند.
تاوەکو ئێستا زیاتر لە 67 هەزار کەس لە سعودیە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، 364 تووشبوویان بەو هۆیەوە گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 39 هەزاریشیان چاکبوونەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ