شازادەی جێنشینی سعودیە بەڵێنی 600 ملیار دۆلار بازرگانی و وەبەرهێنان بە ترەمپ دەدات

24-01-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، بەڵێنیدا بە بڕی 600 ملیار دۆلار بازرگانی و وەبەرهێنان لەگەڵ ئەمریکا بکات. 
 
شازادەی جێنشینی سعودیە، رۆژی پێنجشەممە، 23ـی کانوونی دووەمی 2025، بە تەلەفۆن پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کرد. میدیای فەرمیی سعودیە رایگەیاند، فەرمانڕەوای دیفاکتۆی گەورەترین هەناردەکاری نەوتی جیهان، دوای دەستبەکاربوونی ترەمپ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا ئەو بەڵێنەی بە ترەمپ داوە. 
 
ترەمپ لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتیدا پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ ریاز دروستکرد، بەڵام ئێستا چاوەڕوان دەکرێت گوشار بخاتە سەر سعودیە بۆ ئەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بکاتەوە، کە ئەوە یەکێکە لە ئامانجە سەرەکییەکانی سیاسەتی دەرەوەی سەرۆکە تازە دەستبەکاربووەکە. 
 
ئاژانسی هەواڵی سعودیە رایگەیاند: "شازادەی جێنشین جەختی لە نیازی شانشینەکە کردەوە بۆ فراوانکردنی وەبەرهێنان و بازرگانی لەگەڵ ئەمریکا بە بڕی 600 ملیار دۆلار لە چوار ساڵی داهاتوودا."
 
ئاژانسەکە وردەکاریی سەرچاوەی پارەکەی ئاشکرا نەکردووە، لە کاتێکدا ئەو پارەیە دەکاتە زیاتر لە نیوەی کۆی بەرهەمی ناوخۆی سعودیە.
 
بن سەلمانی 39 ساڵان، لە پەیوەندییەکەدا، پیرۆزبایی شا سەلمانی باوکیشی بە ترەمپ گەیاند.
 
یەکەم سەردانی ترەمپ وەک سەرۆک بۆ سعودیە لە ساڵی 2017 بوو. دوای دەستبەکاربوونیشی راگەیاند، ئەگەر سعودیە بایی 500 ملیار دۆلار بەرهەمی ئەمریکی بکڕێت، جارێکی دیکە دەچێتەوە ئەو وڵاتە.  
 
ترەمپ گوتی: "جاری پێشوو سەردانی سعودیەم کرد، چونکە رازیبوون بە بەهای 450 ملیار دۆلار بەرهەمی ئێمە بکڕن."
 
ترەمپ بە گاڵتەوە گوتی: "ئەگەر سعودیە بیەوێت بایی 450 یان 500 ملیار دۆلاری دیکە بکڕێت، سەردانەکە دووبارە دەکەمەوە، بڕەکە بەهۆی هەڵاوسانەوە زیاد دەکەین."
 
لە خولی یەکەمی ترەمپدا، ئیمارات، بەحرێن و مەغریب بە واژۆکردنی رێککەوتننامەکانی ئەبراهەم لە سیاسەتی لەمێژینەی وڵاتانی عەرەبیان لادا و دانیان بە ئیسرائیل دانا.
 
چاوەڕوان دەکرێت ئیدارەی نوێی ترەمپ هەوڵ بدات هەمان پرۆسە لەگەڵ سعودیە دووبارە بکاتەوە. لە سەردەمی ئیدارەی بایدنیش هەوڵی هاوشێوە هەبوون.
 
هەڕەشەکانی ئێران 
 
سعودیە لە سەرەتای جەنگی غەززەوە گفتوگۆکانی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا لەبارەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل هەڵپەساردن و چەندین جار جەختی کردووەتەوە کە تاوەکو دەوڵەتی فەلەستین دانەمەزرێنرێت، دان بە ئیسرائیل دانانێت.
 
بەڵام ئاگربەستێکی چاوەڕوانکراو لە غەززە و کەمبوونەوەی ئەگەری گرژییەکانی ناوچەکە دەکرێت رێگە بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان خۆش بکات.
 
لە بەرامبەر دانپێدانان بە ئیسرائیل، دەوڵەمەندترین وڵاتی عەرەبی هیواخوازە پەیماننامەیەکی بەرگریی ئەمریکی بەدەستبێنێت و واشنتن لە دامەزراندنی بەرنامەیەکی ئەتۆمیی سڤیلدا یارمەتیی بدات. 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێک، رۆژی پێنجشەممە لە پەیوەندییەکی تایبەتدا لەگەڵ بن سەلمان، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا باسی سووریا، لوبنان، غەززە و "هەڕەشەکانی ئێران و گرووپە لایەنگرەکانی"ی کرد.
 
گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گوتی: " باسی سوودەکانی هاوبەشیی ئابووری نێوان ئەمریکا و سعودیە و دەرفەتەکانی گەشەکردنی ئابوورییان لە چەندین بواردا کرد، لەوانە لە بواری ژیریی دەستکرد."
 
ترەمپ لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتیدا بە شێوەیەکی کارا هەوڵی رازیکردنی دڵی سعودیەی دا، کە هاوبەشێکی گرنگی وزە و ئاسایشە بۆ واشنتن.
 
کاتێک لە ساڵی 2017 گەیشتە ریاز، پێشوازییەکی تایبەتی لێکرا کە سەمای شمشێر و نمایشی فڕۆکە جەنگییەکانی لەخۆگرت.
 
دواتر پەیوەندییەکان سارد بوونەوە، کاتێک بن سەلمان رەخنەی لە ترەمپ گرت لەسەر ئەوەی نەیتوانیوە وەڵامێکی توندی ئێران بداتەوە لە بەرامبەر هێرشێکی ساڵی 2019 بۆ سەر کەرتی نەوتی سعودیە کە بووە هۆی ئەوەی نیوەی بەرهەمی نەوتەکەی لەدەستبدات. 
 
لەگەڵ ئەوەشدا، ریاز و تیمی ترەمپ دوای جێهێشتنی کۆشکی سپی هەوڵیان دا پەیوەندییەکان بەهێز بکەن، بەتایبەت لە رێگەی وەبەرهێنان و گرێبەستی بیناسازی بۆ کۆمپانیا تایبەتەکەی، کە بە رێکخراوی ترەمپ ناونراوە.
 
سعودیە بایی دوو ملیار دۆلار وەبەرهێنانی لە کۆمپانیایەکی جەیرێد کوشنەر، زاوای ترەمپدا کردووە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە