کاتی ئاگربەستە چوار رۆژییەکەی ئیسرائیل و حەماس دەستیپێکرد

24-11-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
وێنەیەکی گشتی بەیانیی ئەمڕۆی غەززە لەکاتی دەستپێکردنی ئاگربەست
وێنەیەکی گشتی بەیانیی ئەمڕۆی غەززە لەکاتی دەستپێکردنی ئاگربەست
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

رێککەوتنی حەماس و ئیسرائیل بۆ ئازادکردنی بارمتەکان و ئاگربەستی چوار رۆژە چووە واری جێبەجێکردنەوە و چاوەڕوان دەکرێت ئێوارەی ئەمڕۆ بارمتەکان ئازاد بکرێن. 
 
بە گوێرەی رێککەوتنەکە، ئیسرائیل بۆ هەر بارمتەیەک دەبێت 3 زیندانی فەلەستینی ئازاد بکات. لە ماوەی ئەو چوار رۆژەشدا چەکدارانی حەماس 50 دیلی ئیسرائیلی ئازاد دەکەن. 
 
تاوەکو دوایین ساتەکانی راگەیاندنی ئاگربەستەکە، دەنگی بۆردوومان و شەڕ لە ناوچە جیاوازەکانی غەززە دەبیسترا. 
 
تاوەکو ئێستا زانیاریی نییە ئەو کەسانە کێن کە ئازاد دەکرێن، بەڵام ژن و منداڵ دەبن. هەروەها ئەو کەسانەی ئازاد دەکرێن، یان ئیسرائیلین یان دوو ناسنامەیان هەیە و کەسانی بیانی نین. 
 
چاوەڕوان دەکرێت ژمارەیەک دیلی زیاتر ئازادبکرێن بەتایبەت کە ئیسرائیل رایگەیاندووە، بەرامبەر ئازادکردنی هەر 10 دیلێک، رۆژێک شەڕ رادەگرێت. 
 
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت، "هیوادارین بارمتەکانمان رزگاربکەین. بێ ئاستەنگ نییە، بەڵام پێویستە کاروانی یەکەم رزگاربکەین. پاشان پابەندین بە رزگارکردنی هەمووان."
 
رۆژی چوارشەممە، 22-11-2023، بە نێوەندگیری قەتەر و ئەمریکا هەردوولایەنی حەماس و ئیسرائیل بۆ ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان گەیشتنە رێککەوتن.
 
ژمارەی کوژراو و برینداران لە جەنگی حەماس و ئیسرائیل 
 
کەرتی غەززە: 14854 کوژراو کە 65٪ یان ژن و منداڵ. هەروەها زیاتر لە 35 هەزار کەس بریندارن. 
 
ئیسرائیل: 1200 کوژراو کە نزیکەی 700 کەسیان ژن و منداڵن. هەروەها زیاتر لە پێنج هەزار و 400 کەس بریندارن. 
 
کەرتی رۆژئاوا: 228 کوژراو کە 52 کەسیان منداڵن. هەروەها دوو هەزار و 800 کەس بریندارن. 
 
لە بەیانیی 7ـی مانگی ئۆکتۆبەری 2023، چەکدارانی حەماس لە ئاسمان، زەوی و دەریاوە هێرشێکی لەناکاویان کردە سەر ئیسرائیل، هەر لە رۆژانی یەکەمی هێرشەکەدا زیاتر لە 1200 کەسیان کوشت و سەرووی 240 کەسیان بە بارمتەگرت. لە وەڵامی ئەو هێرشەدا، ئیسرائیل کامپەینی هێرشەکانی بۆسەر غەززە دەستپێکرد کە تاوەکو ئێستا هیوایەک بۆ کۆتاییهاتنی دیارنییە. 
 
وەزارەتی دەرەوەی قەتەر کە یەكێكە لە وڵاتە نێوەندگیرەکانی گەیشتن بە ئاگربەستەکە رایگەیاند، "لە کاژێر 07:00 بە کاتی غەززە، ئاگربەستی گشتی و تەواو لە سەرانسەری غەززە لە باکوورەوە تاوەکو باشوور دەستپێدەکات و یەک گوللەش ناتەقێندرێت."

ماجد ئەنساری، گوتەبێژی وەزارەتە قەتەرەییەکە رایگەیاند: "لەگەڵ دەستپێکردنی ئاگربەستەکە دەستبەجێ هاوکارییە مرۆییەکان لە دەروازەی رەفەحەوە لە باشووری غەززە بەرە بەرە دەبردرێنە نێو کەرتەکەوە و لە کاژێر 04:00ی ئێوارە (05:00 بە کاتی هەولێر) یەکەمین کاروانی بارمتەکان کە 13 کەسن لە ژن و منداڵی ئیسرائیلی رادەست دەکرێن."

بەگوێرەی رێککەوتنی ئاگربەستەکە رۆژانە لانیکەم 300 کاروانی هاوکاری لە دەروازەی رەفەح هاوسنووری میسر دەبردرێتە نێو غەززە.

سوپای ئیسرائیل رایگەیاند بەهیچ شێوەیەک رێگە بە چوونی "ناڕێکخراوی هاوئاهەنگی نەکراوی" هاوکارییەکان نادرێت و تەنیا رێگە بەو کاروانانە دەدرێت کە ناوی ئۆتۆمبێل و شۆفێرەکانی تۆمارکراون و پشکنینی کەلوپەل و کەرەستەکانی کراون.

هاوکارییەکان، خۆراک، دەرمان و سووتەمەنی و هەندێ کەرەستەی زستانەی پێویست دەگرێتەوە.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە