رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی ئیمارات دەڵێ، بەرگرییە ئاسمانییەکانیان بەرپەرچی 9 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان داوەتەوە کە لە ئێرانەوە ئاراستەی وڵاتەکەیان کرابوون؛ ئاماژە بەوەش دەکات، لە سەرەتای جەنگەوە بەرپەرچی زیاتر لە 2000 مووشەک و درۆنیان داوەتەوە.
رۆژی چوارشەممە بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی بەرگریی ئیمارات کە ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاوکراوەتەوە، سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکە توانیویانە 9 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان تێکبشکێنن کە لە خاکی ئێرانەوە بەرەو ئیمارات ئاراستە کرابوون.
وەزارەتی بەرگریی ئیمارات دەڵێت، لە سەرەتای جەنگەکەوە و ئەوەی بە "دەستدرێژییە ئاشکراکانی ئێران" ناوی بردووە، بەرگریی ئاسمانیی ئیمارات بەرپەرچی هەزار و 815 درۆن، 357 مووشەکی بالیستی و 15 مووشەکی دیکەی داوەتەوە.
سەبارەت بە زیانە گیانییەکانیش، وەزارەتەکە باس لەوە دەکات، هێرشەکان بوونەتەهۆی کوژرانی سێ سەربازی وڵاتەکە، هەروەها شەش کەسی سڤیل گیانیان لەدەستداوە و 166 کەسی دیکەش خاوەن هەڵگری وڵاتینامەی جیاواز بە سووکی و مامناوەندی بریندار بوون.
وەزارەتی بەرگریی ئیمارات باس لەوە دەکات، هێزەکانیان لەوپەڕی ئامادەییدان بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هەڕەشەیەک کە بیەوێ ئاسایشی وڵات و سەقامگیرییەکەی تێکبدات.
وەزارەتەکە دەڵێت، "بە تووندی بەرپەرچی هەر هەوڵێک دەدەینەوە کە سەروەریی دەوڵەت بکاتە ئامانج و پارێزگاری لە بەرژەوەندی و دەستکەوتە نیشتمانییەکانمان دەکەین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ