ئێران پێشنیازێکی ئەمریکای بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ رەتکردەوە و پێنج مەرجی داناوە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
ژیلا ئەسعەد
ژیلا ئەسعەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسێکی باڵای سیاسی و ئەمنیی ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی پێشنیازێکی نوێی ئەمریکای بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ رەتکردووەتەوە و جەخت دەکاتەوە کە تاران رێگە نادات دۆناڵد ترەمپ کاتی کۆتاییهاتنی شەڕ دیاری بکات.

ئەو بەرپرسە ئێرانییە بە میدیای فەرمیی وڵاتەکەی راگەیاندووە: "ئێران لەو کاتەی کە خۆی بڕیاری لەسەر دەدات و لە کاتی بەدیهاتنی مەرجەکانیدا جەنگ رادەگرێت، نەک بەو کاتەی کە ترەمپ دەیەوێت."
 
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کردووە، واشنتن لە رێگەی چەندین کەناڵی دیپلۆماسییەوە داوای دانوستانی کردووە، بەڵام پێشنیازەکانیان بە "زیادەڕۆیی" و "دوور لە راستییەکانی مەیدانی جەنگ" وەسف کردووە. تاران دەڵێت، ئەم پێشنیارانە هاوشێوەی فێڵەکانی رابردووی بەهار و زستانی 1404ی هەتاوی، کە تێیدا ئەمریکا بە ناوی دانوستانەوە کاتی کڕیوە و دواتر هێرشی کردووەتە سەر ئێران.
 
بەپێی گوتەی ئەو بەرپرسە، ئێران لە رێگەی وڵاتێکی نێوەندگیری ناوچەکەوە وەڵامی نەرێنی داوەتەوە و ئامادەیی خۆی بۆ بەردەوامیدان بە بەرگری و وەشاندنی گورزی کوشندە لە دوژمن راگەیاندووە.
 
پێنج مەرجەکەی ئێران بۆ راگرتنی شەڕ بریتین لە:
 
1- کۆتاییهێنان بە هەموو جۆرە دەستدرێژی و تیرۆرێک لەلایەن دووژمنەوە.
 
2- رەخساندنی بارودۆخێکی واقیعی کە زامنی ئەوە بکات جەنگ دووبارە نابێتەوە.
 
3- دیاریکردن و زامنکردنی پێدانی هەموو قەرەبووەکانی جەنگ بە ئێران.
 
4- کۆتاییهاتنی جەنگ لە هەموو بەرەکان و بۆ هەموو ئەو گرووپانەی بەرەی "مقاوەمە" کە لە ناوچەکەدا بەشدارن.
 
5- داننان بە مافی یاسایی و سرووشتیی ئێران بۆ سەروەری بەسەر تەنگەی هورمزدا، وەک زامنی جێبەجێکردنی پابەندییەکانی لایەنی بەرامبەر.
 
ئەو سەرچاوە ئەمنییە جەختی کردەوە، ئەم مەرجانە جیاوازن لەو داواکارییانەی لە خولی دووەمی دانوستانەکانی جنێف پێشکەش کرابوون. هەروەها ئێرانیش سەرجەم نێوەندگیرەکانی ئاگادارکردووەتەوە "تاوەکو مەرجەکان قبووڵ نەکرێن، هیچ ئاگربەست و دانوستانێک لە ئارادا نابێت."
 
لە کۆتاییدا، تاران پەیامێکی تووندی بۆ واشنتن ناردووە و دەڵێت: "ئێمە بەردەوام دەبین لە بەرگری تاوەکو بەدیهاتنی مەرجەکانمان، جەنگ ئەوکاتە کۆتایی دێت کە ئێران بڕیار بدات، نەک ئەو کاتەی ترەمپ پلانی بۆ داناوە."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

.

پاکستان پێشنیازێکی 15 خاڵیی ئەمریکای گەیاندە ئێران

لە پێشهاتێکی دیپلۆماسیدا پاکستان وەک نێوەندگیرێکی سەرەکی لەنێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێراندا دەرکەوتووە و بە گوێرەی هەندێک سەرچاوە، پێشنیازێکی 15 خاڵیی ئەمریکای گەیاندووەتە تاران. ئەم دەستپێشخەرییە ئاماژەیە بۆ دەستپێکردنی قۆناخێکی نوێی دیپلۆماسیی چڕ، کە هاوتەریب لەگەڵ ئۆپەراسیۆنە سەربازییە بەردەوامەکان بەڕێوەدەچێت.