رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت، سوورە لەسەر ئەنجامدانی هەر کارێک پێویست بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵاتەکەی. حیزبوڵڵای لوبنانیش دەڵێت، لە هێرشەکەی ئەم بەرەبەیانییەدا سەرکەوتووبوون.
رۆژی یەکشەممە، 25-08-2024، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە کۆبوونەوەی حکومەتدا گوتی: "سوورین لەسەر ئەنجامدانی هەر کارێک بۆ پاراستنی وڵاتەکەمان، گەڕاندنەوەی دانیشتووانی باکوور بۆسەر ماڵ و حاڵی خۆیان و جێبەجێکردنی یەک یاسای سادە، ئەویش ئەوەیە هەرکەسێک زیانمان پێ بگەیێنێت، زیانی پێدەگەیێنین".
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، چاودێریی حیزبوڵڵایان کردووە و بۆیان دەرکەوتووە کە بزووتنەوەکە ئەم بەیانییە خۆی بۆ هێرشێکی بەرفراوان و گەورە ئامادە دەکات. سوپای ئیسرائیل داوای لە دانیشتووانی باشووری لوبنان و باکووری ئیسرائیل کرد شوێنەکانیان چۆڵ بکەن.
دواتر لە نزیک کاژێر 5:00ی بەرەبەیان هەردوولا دەستیان بە هێرشکردنە سەریەک کرد. حیزبوڵڵا دەڵێت: "لە تۆڵەی شەهیدکردنی فەرماندە فوئاد شوکر، 320 کاتیۆشامان ئاراستەی دووژمن کرد و سەرکەوتوو بووین".
رۆژی 30-06-2024 فوئاد شوکر، کەسی دووەمی حیزبوڵڵای لوبنانی لە هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری بەیرووت کوژرا.
ئیسرائیلیش رایگەیاند، "بە 100 فڕۆکەی جەنگی 40 سەکۆی هاوێشتنی مووشەک و هەزاران مووشەکهاوێژمان کردە ئامانج و تێکمان شکاندن. زۆربەی مووشەکەکان بۆ بەئامانجگرتنی دامەزراوە ستراتیژییەکانی نێوەڕاستی ئیسرائیل ئامادەکرابوون".
دوای تەواوبوونی هێرشەکان، حیزبوڵڵای لوبنان رایگەیاند، "هێرشەکانی ئەمڕۆمان بە سەرکەوتوویی تەواو بوون. دەنگۆی ئەوەی ئیسرائیل بەرپەرچی هێرشەکانی موقاوەمەی ئیسرائیلی داوەتەوە، پڕوپووچە. لەم هێرشەدا سەرنجمان خستەسەر بەئامانجگرتنی خاڵە سەربازییەکانی دووژمن بۆئەوەی لە هێرشی داهاتوودا رێگە بۆ ئاراستەکردنی درۆن بۆ قووڵایی خاکی دووژمن بکرێتەوە".
لەبارەی هێرشەکانی ئەمڕۆ، نەدەڤ شۆشانی، گوتەبێژێکی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، "حیزبوڵڵا سەتان مووشەک و درۆنی ئاراستەی باکووری ئیسرائیل کرد؛ توانیمان ئەو هەڕەشەیە لەسەر خۆمان لاببەین. هێشتا لە هەڵسەنگاندنی دۆخی دوای هێرشەکەداین و زۆر شت ماون رووبدەن، بەڵام دڵنیاتان دەکەمەوە زیانی هێرشەکە زۆر کەم بووە".
رادیۆی ئیسرائیل دەڵێت، لە ئەنجامی هێرشی حیزبوڵڵا، ژنێک لە شاری ئەیکەر بەهۆی بەرکەوتنی پارچەوە بە سووکی برینداربوو. حکلومەتی لوبنانیش کوژرانی کەسێکی لە باشووری لوبنان راگەیاند.
شۆن ساڤێت، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا گوتی: "سەرۆک جۆ بایدن لە نزیکەوە چاودێریی دۆخەکە دەکات و داوای لە بەرپرسانی باڵا کردووە لە گەڵ ئیسرائیل لە پەیوەندیی بەردەوامدابن".
لەوکاتەوەی جەنگی غەززە لە 07-10-2023 دەستیپێکردووە، شەڕ و پێکدادانی نێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیل نەوەستاوە. لەو شەڕەدا زیاتر لە 600 کەس لە لوبنان کوژراون کە 131ـیان سڤیل بوون. لە دیوی ئیسرائیلیش، 23 سەرباز و 26 سڤیل کوژراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ