رووداو دیجیتاڵ
تۆم باراک هێرشەکانی ئەم دواییەی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان و کاراکتەری میلیشیاکانی سەر بەو وڵاتە هیچ رەوایەتییەکیان نییە. ئاشکراشی کرد کە پەیامی سەرۆک ترەمپی بۆ پاراستنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان گەیاندووەتە سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان.
لە وەڵامی پرسیارێکی پەیامنێری رووداو سەبارەت بە هێرشەکانی چەند رۆژی رابردووی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان، کە بووە هۆی شەهیدبوونی 6 پێشمەرگە و برینداربوونی 30ی دیکە، تۆم باراک، باڵێوزی ئەمریکا لە تورکیا گوتی: "ئەو هێرشانە هیچ رەوایەتییەکیان نییە، تەواوی ئەو میلیشیایانەی پەیوەندییان بە ئێرانەوە هەیە بێ شەرعییەتن."
سەبارەت بە هەڵوێستی وڵاتەکەیشی بۆ پاراستنی هاوپەیمانەکانی، باڵێوزی ئەمریکا جەختی لە بەردەوامیی هاوکارییەکان کردەوە و گوتی: "ئێمە هەموو شتێک دەکەین لە بواری دابینکردنی یەکە، کەرەستە و چەک بۆ هاوپەیمانەکانمان."
تۆم باراک ئاماژەی بەوەش کرد، کە واشنتن داوای هەڵوێستی جیددیتر لە بەغدا دەکات و گوتی: "پەیاممان بۆ حکومەتی عێراق روونە، پێمان گوتوون کە دەبێت لەگەڵماندا بەهێزتر و تووندتربن (بەرامبەر ئەو هێرشانە)."
باراک گوتیشی: "دوێنێ ئەم گفتوگۆیەم لەگەڵ بارزانییەکان هەبوو؛ پەیام و پاڵپشتیی سەرۆک ترەمپم بۆ پاراستنی ئاسایش پێگەیاند."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ