رووداو دیجیتاڵ
دیمەنی کەوتنەخوارەوەی پاشماوەی مووشەکێکی ئێران لە باکووری تەل ئەڤیڤ بڵاوبووەوە. هێرشەکە کە بەشێکە لە زنجیرە هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، دڵەڕاوکێی زۆری لای دانیشتووانی ئەو شارە دروستکردووە.
ئیسرائیلییەکان بە گشتی و دانیشتووانی تەل ئەڤیڤ بە تایبەتی، لە بەردەوامیی جەنگ و هێرشەکانی ئێران و حیزبوڵڵا نیگەرانن. سیگال، هاووڵاتییەکی نیشتەجێی ئەو شارەیە و دەڵێت: "هەموو 10 خولەکێک زەنگی ئاگادارکردنەوە لێ دەدات و ئێمەش دەچینە پەناگەکان؛ لەم دۆخە بێزار بووین."
رۆژی 28ی شوبات جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران دەستیپێکرد؛ دوو رۆژ دوای دەستپێکردنی جەنگەکەش، حیزبوڵڵا هێرشەکانی بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێکرد.
پەیمانگای لێکۆڵینەوەی جەنگیی ئەمریکی ئاماژە بەوە دەکات، ئێران بە زیاتر لە 400 مووشەک و 550 درۆن هێرشیکردووەتە سەر ئیسرائیل، بەڵام 92٪ی مووشەک و درۆنەکان پێش ئەوەی بگەنە ئامانج، خراونەتە خوارەوە. هاوکات حیزبوڵڵای لوبنانیش بە زیاتر لە سێ هەزار و 500 درۆن و مووشەک هێرشی کردووەتە سەر ئەو وڵاتە.
لایۆن، هاووڵاتییەکی دیکەی ئیسرائیلییە و باس لە ساتەوەختی هێرشەکان دەکات و دەڵێت: "چەند رۆژێک لەمەوبەر، دەنگی تەقینەوەیەکی گەورە بیسترا؛ مووشەکێک تەنیا چەند ماڵێک لە ئێمەوە دوور کەوتە خوارەوە. پێموایە هەموو گەڕەک هەستی پێکرد، دەنگێکی زۆر بەهێز بوو و هەموومانی بەئاگا هێنا. پۆلیسێکی زۆر و دەنگەدەنگێکی زۆر هەبوو، هەروەها ئاگرکەوتنەوەش بینرا، دیمەنەکە زۆر ترسناک بوو."
سەبارەت بە جۆری ئەو چەکانەی لە هێرشەکاندا بەکاردەهێنرێن، دین ئێڵسدەن، گوتەبێژی پۆلیس رایگەیاند: "ئەو مووشەکەی لێرە بەکارهێنراوە، مووشەکێکی هێشووییە. ئەم چەکە تەنیا یەک ئامانجی هەیە، ئەویش گەیاندنی زۆرترین زیانە بە خەڵکی سڤیل و زیادکردنی ژمارەی قوربانییەکان، بۆیە داوا لە خەڵک دەکەین بەردەوام بن لە گوێگرتن لە رێنماییەکان."
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی ئیسرائیل، بەهۆی هێرشەکانەوە تاوەکو ئێستا 15 هاووڵاتی کوژراون و پێنج هەزار کەسی دیکەش بریندار بوون. هەروەها ناوەندی چاودێریی ئاوارەبووان لە ئیسرائیل ئاشکرای کردووە، بەهۆی هێرشەکانی هەردوولاوە، چوار هەزار و 800 کەس ئاوارە بوون.
لە لایەکی دیکەوە، ئامارە ئابوورییەکان دەردەخەن کە جەنگی حیزبوڵڵا و ئێران، تاوەکو ئێستا نزیکەی 17 ملیار دۆلار زیانی لە ئابووریی ئیسرائیل داوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ