رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسداران "شەپۆلی 82"ـی هێرشەکانی بۆ سەر چەند بنکەیەکی ئەمریکا لە ناوچەکە راگەیاند.
پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران، ئەنجامدانی "شەپۆلی 82"ـی ئۆپەراسیۆنی "بەڵێنی راست 4"ـی بۆ سەر چەندین ئامانجی سەربازی و بنکەی ئەمریکا لە وڵاتانی ناوچەکە راگەیاند.
بەپێی راگەیێندراوێکی فەرمیی سوپای پاسداران، کە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 26-3-2026، بڵاوکرایەوە، ئۆپەراسیۆنەکە بە کۆدی "یا عەلی ئەکبەری ئیمام حوسێن" ئەنجامدراوە و وەک "دیارییەک بۆ خەڵکی پارێزگاکانی باکووری ئێران" (تەورێز، ئەردەبیل، گیلان، مازەندەران و گوڵستان) ناوی بردووە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، هێرشەکان چەندین ئامانجی هەستیاریان پێکاوە، لەوانە:
- بنکەکانی عەریفجان و ئەلخەرج.
- ناوەندی لۆجیستیی بەرگریی ئەمریکا (KGL).
- تێکشکاندنی راداری پاتریۆت و هانگەری فڕۆکەی سیخوڕیی P-8 لە بنکەی "شێخ عیسا".
- لەناوبردنی کۆگاکانی سووتەمەنیی پاڵپشتیی ئەمریکا، هانگەری درۆنی MQ-9 و سەکۆی پەیوەندییە ئاسمانییەکانی بنکەی "عەلی ئەلسالم".
ڤیدیۆی 'شەپۆلی 82'ـی هێرشەکانی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر چەند بنکەیەکی ئەمریکا لە ناوچەکە
— Rudaw (@Rudawkurdish) March 26, 2026
میدیای ئێران ڤیدیۆکەی بڵاوکردووەتەوە pic.twitter.com/ZMytMAp1Qu
سوپای پاسداران، جەختی کردەوە ئەم هێرشانە "وەڵامێک بووە بۆ ئەو هێرشەی پێشتر لەو ناوەندانەوە کرابووە سەر شاری خوڕەمشەهر" و رایگەیاند کە ئۆپەراسیۆنەکە لە رێگەی درۆنی خۆکوژەوە و بە "سەرکەوتوویی تەواو" ئەنجامدراوە.
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا، هۆشداریدراوە هێرشەکان بەردەوام دەبێ، لە کاژێرەکانی داهاتوودا ئەنجامە وردەکانی بۆ رای گشتی بڵاودەکەنەوە، هاوکات هەڕەشەی ئەوەش کراوە "سەرچاوەی هەموو خراپەکان بە هێزێکی چەند هێندە زیاترەوە دەکرێنە ئامانج."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ