رووداو دیجیتاڵ
راپۆرتێک باس لەوە دەکات، پێنتاگۆن تاوتوێی رەوانەکردنی نزیکەی 10 هەزار سەربازی دیکەی وشکانی بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکات. ئەم هەنگاوە بۆ ئەوەیە بژاردەی سەربازیی زیاتر بخرێتە بەردەم دۆناڵد ترەمپ، لە کاتێکدا سەرۆکی ئەمریکا خەریکی هەڵسەنگاندنی دەرفەتەکانی ئاشتییە لەگەڵ تاران.
بەرپرسانی وەزارەتی جەنگ کە ئاگاداری پلانەکانن، بە رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرنەڵیان گوتووە، وەزارەتەکە دەیەوێت بە ناردنی ئەم 10,000 سەربازە نوێیە، پێگەی سەربازیی ئەمریکا لە ناوچەکە بەهێزتر بکات. ئەمە لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێشتر رایگەیاندبوو هێرشەکان بۆ سەر کەرتی وزەی ئێران بۆ ماوەی 10 رۆژی دیکە و تاوەکو رۆژی 6ـی نیسان دوادەخات تاوەکو دەرفەت بۆ دانوستاندنی ئاشتی بڕەخسێت.
لە کاتێکدا ترەمپ دەڵێ، درێژکردنەوەی مۆڵەتەکە لە سەر داوای خودی تاران بووە، نێوەندگیرانی گفتوگۆکانی ئاشتی ئەو زانیارییە رەت دەکەنەوە و دەڵێن ئێران داوای کاتی زیاتری نەکردووە.
ترەمپ ئاماژەی بەوە کردووە، رێگەدان بە تێپەڕبوونی چەند کەشتییەکی نەوتهەڵگری پاکستانی بە ناو تەنگەی هورمزدا لە لایەن ئێرانەوە، "دیارییەک" بووە بۆ ئەمریکا و نیشانەی ئەوەیە کە سەرکردایەتیی تاران لە دانوستاندا جدییە.
حکومەتی پاکستان رایگەیاند، ئەمریکا و ئێران لە رێگەی گۆڕینەوەی نامەوە، سەرقاڵی گفتوگۆی ناڕاستەوخۆن و تاران ئێستا خەریکی هەڵسەنگاندنی ئەو پێشنیازانەیە کە لە لایەن واشنتنەوە ئاراستەی کراون.
لە بەرەی سەربازیدا، ئیسرائیل رایگەیاند، لە هێرشە ئاسمانییەکانی دوێنێ شەو، توانیویانە فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران بکوژن. ئیسرائیل دەڵێ، ئەم فەرماندەیە "بەرپرسیارێتیی راستەوخۆی" هەبووە لە چاندنی مین و داخستنی تەنگەی هورمز. هاوکات فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) داوای لە هەموو کارمەندانی هێزی دەریایی ئێران کرد کە بنکەکانیان جێبهێڵن، ئەگەرنا رووبەڕووی مەرگ دەبنەوە.
لەسەر ئاستی سیاسیی ناوخۆیی ئەمریکا، لێژنەی هێزە چەکدارەکانی سێنات [ئەنجوومەنی پیران] پلانی هەیە یەکەمین دانیشتنی گوێگرتنی گشتی سەبارەت بە جەنگی ئیدارەی ترەمپ دژی ئێران رێکبخات. بڕیارە ئەم دانیشتنە لە نێوەڕاستی مانگی نیساندا و دوای گەڕانەوەی سیناتۆرەکان لە پشووی بەهارە بەڕێوەبچێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ